شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە پەرلەمانی عێراق

شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە پەرلەمانی عێراق


پەرلەمانتارێک ئاشکرای کرد شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کووردستان لە بەغدا لە درێژەی کۆبوونەوەکانیان ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی پەرلەمانی عێراق دەکەن.

مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: "لەسەر داوای محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ی١٢ی٢٠٢٠ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی عێراق دەکەن".

ئاماژەی بەوەش دا: "لە هۆڵی دەستووری پەرلەمان شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆ دەبنەوە و لەو کۆبوونەوەیەدا جگە لە سەرۆکی فراکسیۆنەکان، لیژنەی دارایی و یاساییش ئامادە دەبن و تێیدا باسی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت و شاندەکە بە شەفافی هەموو شتێک باس دەکەن".

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستە ڕوو: "شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا پێشوەچوونی باشیان هەبووە و گفتوگۆ و کۆبوونەوەی گرنگیان کردووە و هەنگاوێکی باش لە گفتوگۆکانیان چوونەتە پێشەوە و لایەنی بەغدا ئامادەیی خۆیان پیشان داوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان لە بەرامبەر پێدانی ماف و شایسته داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان".

لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کووردستان بۆ ڕێککەوتن لەسەر دۆسییەی نەوت و بودجە و مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین کۆبوونەوەی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کردووە.





باسينيوز
Top