ناسڕ هەرکى: لەگەڵ بەرپرسانى هەولێر و بەغدا لەسەر هێڵین بۆ چارەسەکردنى کێشەى پەلکانە و سەرگەڕان

ناسڕ هەرکى: لەگەڵ بەرپرسانى هەولێر و بەغدا لەسەر هێڵین بۆ چارەسەکردنى کێشەى پەلکانە و سەرگەڕان

ئەندامێکى لێژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پەلکانە و گوندەکانى سەرگەڕان، ئێستا دۆخى پەلکانە ئارامە و تا شاندەکەى پەرلەمانى عێراق دەگاتە ناوچەکە هیچ عەرەبێکى هاوردە ناچێتە خانووە چۆڵەکانى گوندەکە.

ناسر هەرکى. ئەندامێکى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق کە هاوکات ئەندامى ئەو لێژنەیەشە بۆ کێشەى گوندەکانى سەرگەڕان و پەلکانە پێکهێندراوە راگەیاند: "چەندین جارە عەرەبە هاوردەکان هەوڵ دەدەن بۆ داگیرکردنى گوندەکانى سنوورى سەرگەڕان و کەرکووک، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان شکست پێهێنراوە، بۆ چارەسەرکردنى کێشەى پەلکانەش ئێستا لەگەل بەرپرسانى هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەى کێشەکانى ئەو ناوچانە بەپێى دەستوور و لەرێگەى یاساوە یەکلا بکرێنەوە، چونکە دەبێ ئەو زەوییانە بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان بەگەڕێندرێنەوە کە کوردن".

راشیگەیاند: "خاوەنى رەسەنى ئەو زەوییانە کوردن چونکە ئەوان خاوەنى قۆچانى رەشى سەردەمى عوسمانییەکانن کە لە ساڵى 1938ەوە دەرچووە،بەڵام عەرەبە هاوردەکان چەندین جار لە 1963 و 1975 و 1987 هەوڵیانداوە گوندەکانى کورد لەو سنوورە داگیر بکەن، ئەوان تەنیا گرێبەستى کشتوکاڵى سەردەمى بەعسیان هەیە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئێستا دۆخى پەلکانە ئارامە و تا شاندەکەى پەرلەمان دەگاتە ناوچەکە هیچ عەرەبێکى هاوردە ناچێتە خانووە چۆڵەکانى گوندەکە، ئێوارەى دووشەممە لەگەڵ فەرماندەکانى لیواى 32ى فیرقەى 8ى سوپاى عێراقى قسەم کردووە، ئەوان دڵنیاییان داوە کە ناهێڵن هیچ کێشەیەک دروست بێ".





باسنيوز
Top