سیاسییەکی کورد: پەکەکە لە دژی هەرێمی کوردستان بووەتە هاوپەیمانی حەشد

سیاسییەکی کورد: پەکەکە لە دژی هەرێمی کوردستان بووەتە هاوپەیمانی حەشد
ئەمڕۆ دووشەممە چالاکێکی سیاسیی کوردی سووریا رایگەیاند كە پەکەکە لە ئامانجەکانی گەلی کورد دوور کەوتووەتەوە و لەلایەن هێزەکانی هەرێمایەتی دژ بە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێ. دەشڵێ ئێستا پەكەكە هاوپەیمانی حەشدی شەعبییە و بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان.

مستەفا منلا چالاکی سیاسیی کوردی سووریا رایگەیاند ”تێکەڵبوونی پەکەکە بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە شنگال، لە دوای رێککەوتننامەی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، هەنگاوێکی دیکەیە لە دژی هەرێمی کوردستان“.

گوتیشی ”ئەو دوو میلیشیایە (حەشد و پەکەکە) خەنجەرێکن بۆ پشتی هەرێمی کوردستان، دەبێ تا زووە چارەسەر بکرێن“.

مونلا هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە کاتێك پەکەکە بە سەرپەرشتیی سوپای پاسدارانی ئێران چوونە ناو شنگال، یەکینەکانی پاراستنی شنگالیان وەک هاوشێوەیەک بۆ حەشدی شەعبی دروست کرد و راستەوخۆ چەک و مووچە لە میلیشیای حەشدی شەعبی وەردەگرن.

هەروەها روونی دەکاتەوە كە ئامانجی پەكەكە گەمارۆدانی هەرێمی کوردستانە، چونکە شنگال بە ناوچەیەکی ستراتیجی دادەنرێ لە هیلالی شیعی، بۆ گەیشتن بە سووریا و لوبنان و هەوڵدان بۆ دابڕانی کوردستانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان“.

ئەو چالاکوانە سوورییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات كە پەکەکە لە ئامانجەکانی گەلی کورد دوور کەوتووەتەوە و بووەتە رێکخراوێکی مافیایی و لەلایەن هێزەکانی ناوچەکە لە دژی هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان بەکار دەهێنرێ، وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ دەدەن فیتنە و ئاژاوە لە نێوان کوردانی ئێزیدی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکەن“.












باسنیوز


Top