بەرپرسێکی یەکێتی: ئەوانەی فەرمانگە و بارەگاكانیان سووتاند تێكدەر بوون و هان درابوون

بەرپرسێکی یەکێتی: ئەوانەی فەرمانگە و بارەگاكانیان سووتاند تێكدەر بوون و هان درابوون
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەخنەی لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گرت و رای گەیاند كە پەكەكە غەدرێكی گەورە دەكات ئاسایشی هەرێمی كوردستان بخاتە مەترسییەوە، بە تایبەتیش كە ئەو حزبە سوودێكی زۆری لە باشووری كوردستان بینیوە. پێیشی وایە ئەوانەی بارەگاكانیان لە دەڤەری سلێمانی سووتاند: “كەسانێكی تێكدەر بوون و دەستێك هانی دابوون”.

مەلا ڕەحیم، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە کاتی خۆپیشندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویان دا، چارەسەری کێشەی خۆپیشاندەران ناکات و خۆپیشاندەری ڕاستەقینە لەگەڵ ئەوەدا نییە بارەگای حزبی و دامودەزگای حكوومی بسووتێندرێت و تاڵان بكرێت، بەڵام “دیار بوو بەشێکی زۆری بەناو خۆپیشاندەران ئاراستەكراو بوون و دەستێک ھانی دابوون بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزیی تێبکەوێت”.

ڕوونیشی كردەوە، خەڵکی دڵسۆزی کوردستان دەستی ناچێتە سەر ئەوەی بارەگای حکوومی بسووتێنێت، بەڵام “ئەوانەشی ئەو کارەیان کردووە، کەسانی تێکدەربوون و ھیچ گومانێکی تێدا نییە، دەستی دەرەکییان لەپشت بووە، چونکە بەردەوام خۆپیشاندان کراوە و خەڵکی ناڕەزایی دەربڕیوە، ڕاستە گەندەڵی ھەیە و نەبوونی مووچە ژیانی خەڵکی تێکداوە، بەڵام بەدیلی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ھەر حکوومەتی ھەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەگەر دەستی دەرەکی نەبێت، خەڵکی چۆن چەک بەکار دەھێنێت؟”.

لەبارەی ڕۆڵی پەكەكە لە هەوڵەكانی تێكدانی دۆخی سنووری پارێزگای سلێمانی كە پێشتر عەتا سەراوی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی وردەكارییەكەی ئاشكرا كردبوو، مەلا رەحیم بۆ (باسنیوز) گوتی: “پەكەكە سوودێكی زۆری لە باشووری کوردستان بینیوە، ئەوان بە شێوەیەکی ئازاد لەم بەشەی کوردستان مومارەسەی کاری سیاسیی خۆیان دەکەن، ئەوان کار بکەن بۆ تێکدانی ئەم بەشەی کوردستان و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە، یان لایەنگرانی خۆیان ھان بدەن دامودەزگای حکوومی بسووتێنن، غەدرێکی گەورە دەکەن”.

دووپاتیشی كردەوە: “باشترە پەکەکە ڕێز لەم بەشەی کوردستان بگرێت و چالاکییەکانی خۆی بۆ باکووری كوردستان بگوازێتەوە”.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر ھێرش مەلا خدر، بەرپرسی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی لە شارباژێڕ و فەرماندەی سەربازیی حزبەكە، ڕایگەیاندبوو، خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەووروبەری ”دەستی ڕەشە و ئامانجی سەرەکیی خۆپیشاندانەکە بۆ تێکدانی شاری سلێمانییە“.

جەختیشی كردبووەوە: ”ماوەیەکی زۆرە پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چالاکییەکانی خۆی چڕ كردووەتەوە، شاری سلێمانی شارێکە ھەمیشە میواندۆست بووە، دەرگای بە ڕووی ئەو حزبانەدا کردووەتەوە، بەڵام ئەگەر پەکەکە ڕاست دەکات، چالاکییەکانی دەگوازێتەوە بۆ باكووری کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک ئێمە دەرگامان بۆ ئەو حزبە كردووەتەوە، بەداخەوە ئەوان نانەکەمان دەخۆن و سفرەکەشمان دەدڕن“.

بە بڕوای هێرش مەلا خدر، ”کاتی ئەوە ھاتووە یەکێتی مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ پەکەکە بکات”. گوتیشی: “تەقەکردنەکەی پێنجوێن تەقەکردنێکی ئاسایی نەبووە، خەڵکی خۆپیشاندەر ناتوانن چەکی قەناس بەكار بهێنن، بەڵام بە ھۆکاری ئەوەی شارۆچکەی پێنجوێن پژاک و پەکەکەی لێیە، ڕەنگە پێشتر ئامادەکاری کرابێت بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان“.

هەر لەمبارەیەوە باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان داوای لە پەكەكە كرد، ڕوونكردنەوە لەبارەی بەشداریكردنیان لە هەوڵەكانی تێكدانی دۆخی سلێمانی بە یەكێتی بدات و داوای لێبووردنیان لێ بكات.











باسنیوز


Top