پەکەکە خۆی بە حەشدی شەعبییەوە گرێ داوە تاکوو لە شنگال بمێنێت
لەمبارەوە قاسم دەربۆ، ئەندامی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان،رایگەیاند: "گرفت و ئاریشەی مەزن ئێستا لە شنگال ئەوەیە، کە حەشدی شەعبی کە سەر بە ئێرانە لە شنگالە و پەکەکەش خۆی بە حەشدەوە گرێ داوە، ئەمەش بووەتە ئاریشەیەکی مەزن بۆ خەڵکی شنگال. لەلایەک حکوومەتی عێراق دەڵێت پەکەکە هێزێکی ناشەرعی و نایاساییە و دەبێ سنوورەکە چۆڵ بکات، پەکەکە بۆ خۆشی دەڵێت ئێمە سەر بە حەشدی شەعبین و شنگال چۆڵ ناکەین و ئەمەش خۆگرێدانە بە میلیشیاکانەوە".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد: "لەڕاستیدا دۆخی شنگال هێندە ناخۆش بووە و چەند دوەڵەت بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان یاریی تێدا دەکەن، بۆیە ئاڵۆزییەکی مەزن لەو سنوورە ساز بووە و پێویستە ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتە، هەتا ئەو ئاریشە و گرفتانە ڕوو نەدەن".
قاسم دەربۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "هەتا پەکەکە و حەشی شەعبی لەناو شنگال بن، هاووڵاتیانی شنگال کە ئاوارەن ناتوانن بگەڕێنەوە، خەڵکیش داواکارن هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێتەوە شنگال و هەر کات پێشمەرگە ڕۆیشتەوە سنوورەکە، ئەوکات هەست بە ئارامی دەکەن و دەتوانن بگەڕێەوە زێدی خۆیان".
هەر ئەمڕۆ مەحما خەلیل قایمقامی شنگال، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو هێزە ناشەرعییەکان بە یەکجاری شنگال چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بچێتە واری جێبەجێکردنەوە".
هەرچەند بەشێک لە پۆلیسی فیدرالی گەڕاونەتەوە شنگال و حکوومەتی عێراق و پارێزگای نەینەوا بۆ دەستپێکردنی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە داوایان لە هەموو هێزە چەکدارەکان کرد لە ماوەیەکی دیاریکراودا سەنتەری شنگال چۆڵ بکەن و بارەگاکانیان ڕادەستی پۆلیسی فیدرالی بکەن، بەڵام هێشتا پەکەکە ئەو کارەی نەکردووە و سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن گرووپەکانی پەکەکە هەر لە سنوورەکە ماون و تێکەڵ بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوون و زۆربەیان لە چیای شنگالن و ئەمەش هێشتا هەر مەترسییە و خەڵکی ئاوارەی شنگال لەبەر مەترسیی ئەو گرووپە ناشەرعییانە ناوێرن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و هێشتا لەناو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆکدا دەژین.
باسنیوز
