بەھۆی پشێوییەکانەوە لە سنووری ڕاپەڕین ٣٨ کارمەند و پۆلیس بریندار بوون
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند: "بەداخەوە لە ماوەی چەند ڕۆژدا کە پشێوی لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین هەبووە، ٣٨ کارمەند و پۆلیسمان بریندار بوون، کە ھەندێک حاڵەتی خراپ و برینداری سەختیان تێدا بووە و بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی بەڕێ کراون".
گوتیشی: "داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین ئەگەر گردبوونەوە دەکەن، بە شێوەی ھێمنانە بێت و دوور بێت لە زیانگەیاندن بە شوێنە گشتیی و تایبەتییەکان و سووتاندن و شکاندنی ئامێر و ترافیک لایت و ھێماکانی ھاتوچۆ و کابینەی پۆلیسی ھاتوچۆ، چونکە ئەوە کارێکە زیان بە موڵکی گشتی دەگەیەنێت، ھەروەها داواکارین لە سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان زیاتر ئارام بگرن و هەوڵی سەرخستنی یاسا بدەن و پێداگیری لەسەر پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنوورەکە بکەن".
باسنیوز
