له‌ سلێمانى کۆگایەکی شیرینی دادەخرێت

له‌ سلێمانى کۆگایەکی شیرینی دادەخرێت
قایمقامیه‌تى سلێمانى له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، لە کۆگایەکی عەمبارکردنی شیرینیدا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر شیرینیی جۆراوجۆردا دەگیرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13/12/2020، قایمقامیىتى سلێمانى ڕاگه‌یاندراوێكى له‌ په‌یجى فه‌رمیی خۆى، له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، تێیدا له‌شكر حه‌مید، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕای گەیاندووه‌‌‌: "لە ئەنجامی سەردان و پشکنینە بەردەوامەکانی لێژنە هاوبەشەکانی قایقامیەت بۆ دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی خواردنیان تێدا دروست و عەمبار دەکرێت، لە کۆگایەکی شیرینی لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانیدا، دەست بەسەر 500 کیلۆگرام شیرینیی جۆراوجۆری ماوە بەسەرچوودا گیرا".

باسى له‌وه‌ش كردووه‌: "هۆکاری خراپبوونی شیرینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ خراپ عەمبارکردن و نەشیاوی شوێنەکە، کە هیچ مەرجێکی عەمباکردن لە شوێنەکەدا نییە".

له‌شكر حه‌مید ڕوونیشى كردووه‌ته‌وه‌، بەپێی ڕێنوێنییه‌ تەندروستییەکان، ئەو خواردەمەنیانەی ماوەی بەکارهێنانیان بەسەر دەچێت، بەها خۆراکییەکەیان لەدەست دەدەن و پێکهاتەکەیان دەگۆڕێت بۆ مادەی زیانبەخش و کاریگەری لەسەر تەندروستیی بەکاربەرەکەی دروست دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووه‌: "بە فەرمانی قایمقامی سلێمانی، سەرجەم شیرینییەکە دەستی بەسەردا گیرا و لەڕێی لێژنەی تایبەتمەندەوە لەناو دەبرێت و کۆگاکەی دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەکەی دەگیرێتە بەر".












باسنيوز


Top