سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی فەڵەستین كرد
لە دیدارێكدا كە نەزمی حزووری، كونسوڵی فەڵەستین لە هەولێر ئامادەی بوو، نێردەی تایبەتی سەرۆكی فەڵەستین سڵاوی تایبەتی مەحموود عەباس، سەرۆكی فەڵەستینی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی فەڵەستین و گەلی كوردستان، سەرسامیی خۆشی بە بووژانەوەی هەرێمی كوردستان لە 10 ساڵی رابردوودا نیشان دا و رایگەیاند، سەرباری بوونی كێشەی گەورە و شەڕی داعش و تەحەددیاتی تر، بەڵام هەرێمی كوردستان هەنگاوی باشی بە ئاراستەی پێشكەوتن ناوە.
لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی مەحموود عەباس، سەرۆكی فەڵەستینی كرد و پێزانینی هەبوو بۆ پشتیوانی و هاوسۆزیی گەلی فەڵەستین و ئازادیخوازەكانی فەڵەستین، كە لە رۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی خەباتی گەلی كوردستان بوونە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.
k24 -
