پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر و بەغدا ئەرێنی بووە

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق: کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەولێر و بەغدا ئەرێنی بووە
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنی عێراقی ئەرێنی بووە.

هۆشیار عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: "کەشی کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و لە سەرەتادا حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندیی خۆیان بە هەموو بڕگەکانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی راگەیاندووە."

هۆشیار عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، لەبەرامبەر پابەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا حکومەتی عێراق پابەند دەبێت بەو شایستە داراییانەی دەکەوێتە ئەستۆی، ئەویش دوای ئەوەی لەلایەن هەردوو لاوە بە رێکارێک لە رێکارەکان لێکتێگەیشتنی هاوبەشی لەبارەوە دروستکراوە.

هەموو رێککەوتنێك پێویستی بە واژوو هەیە، بەڵام لێکتێگەیشتن واژووی ناوێت. هۆشیار عەبدوڵڵا گوتی: "لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی ئێجگار ئەرێنی هەیە، بەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان گوتی: "هیواخوازم حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم ماوەیەی کە ماوە لەم ساڵدا و بۆ یاسای بودجەی 2021ـیش هەنگاوی ئەرێنی بنێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم قۆناخە بێت. زەرەرمەندی سەرەکی لە پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییانی کوردستانن و ئەوان باجەکەی دەدەن."

هۆشیار عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی و ریشەیی بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ نەوت، داهات و گفتوگۆکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقی بکات.

هەروەها هۆشیار عەبدوڵڵا گوتیشی: "هیوادارم گرفتێکی هونەری بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە دروست نەبێت. پشکی هەرێمی کوردستان بێت بەو مەرجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەیەکی دیکەی ئەمساڵی پێ دابەش بکات. پاساوی ئەوە نەهێننەوە بڵێن لەبەر ئەوەی قەرزمان کردووە و پارەکە دەدەینەوە بە قەرز. ئەوان ئیلتیزاماتی 27 ملیار دۆلاریان لەسەرە با ئەمەش ببێتە بەشێک لەو 27 ملیار دۆلارە و مووچەیەکی دیکە بدەن بە فەرمانبەرانی کوردستان بۆ ئەوەی ببووژێنەوە. ئەمەم زۆر بەلاوە گرنگە."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆران باسی لەوە کرد، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014وە مووچەی بە رێکی وەرنەگرتووە، با ئەم ماوەیە دوو مووچە لەسەریەک وەربگرێت.

رۆژی شەممە 2020/12/12 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دابەشکردنی پارە بەشێوەی دادپەروەرانە بەسەر ناوچەکانی عێراقدا کراوە.

کۆبوونەوەکە لە بەغدا بەڕێوەچوو. شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کرد و هەریەکە لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەیان کرد.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی تاوتووێکراوە.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو شێوازانە تاوتوێکران کە پارەی تەرخانکراو دادپەروەرانە بەسەر هەموو ناوچەکانی عێراقدا دابەشبکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی "پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی" کرا کە مانگی رابردوو پەرلەمانی عێراق دەنگی پێدا، هاوکات باس لە رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەش کرا.
rudaw -
Top