هێشتا ٢٣ هەزار ئاوارەی ناوچەکانی عێراق لە سنووری گەرمیان ماون

هێشتا ٢٣ هەزار ئاوارەی ناوچەکانی عێراق لە سنووری گەرمیان ماون
بەرپرسێك لە ئیدارەی گەرمیان ئاشكرای كرد هێشتا لە سنوورەکە 23 هەزار ئاوارەی ناوچەکانی عێراق ماون و چەند ساڵ دوای ڕزگاركردنی ناوچەكانیان لە تیرۆریستانی داعش، لە ترسی میلیشیا شیعەکان ناوێرن بگەڕێنەوە شوێنی ژیانی خۆیان.

بێستوون ژاڵەیی، بەرپرسی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ شەممە ١٢ی١٢ی٢٠٢٠ رايگەیاند: "لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تا ئێستا ٢٣ هەزار ئاوارە ماوەن کە نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان کە وەك خێزان ئەم ٢٣ هەزار ئاوارەیە ژمارەیان دەگاتە حەوت هەزار خێزان."

راشی گەیاند: "لەو حەوت هەزار خێزانە هەزار و ٥٠٠ خێزانیان لەنێو كەمپەکانی قۆرەتوو و تازەدێدا گیرساونەتەوە."

بەرپرسی كاروباری مرۆیی لە ئیداەی گەرمیان، ڕوونی كردەوە: "ئێمە وەك ئیدارەی گەرمیان فشار ناخەینە سەر هیچ ئاوارەیەك بگەڕێتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە زۆربەیان لە ترسی میلشیا شیعەكان ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان."

نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان کەلە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک نیشتەجێن لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێش مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا کە هەموو ئاوارەکان دەبێ هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و هەموو ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکان گەڕاونەتەوە.

هێشتا ئاوارە عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان و لەناو کەمپەکاندا ماون و مانگانە خەرج و هەزینەیەکی زۆر بە بۆنەی ئەو ئاوارانەوە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.













باسنيوز


Top