شاندی باڵای هەرێم لەگەڵ لیژنەی راسپێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە

شاندی باڵای هەرێم لەگەڵ لیژنەی راسپێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە
ئێوارە‌ی ئە‌مڕۆ پێنج شە‌ممە‌ 10 كانونی یەكەمی 2020 وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران، لە‌گە‌ڵ ئەو لیژنە‌یەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنەران كۆبووەوە كە راسپێردراوە بۆ گفتۆگۆكردن و دۆزینە‌وە‌ی چارە‌سە‌ری گونجاو و دە‌ستووری بۆ كێشە‌كانی نێوان ھە‌‌رێم و حكومەتی فیدراڵی‌.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كەدا‌ راشكاوانە‌ باس لە‌ ھۆكارەکانی دروستبوونی كێشە‌كان و چۆنیە‌تی چارە‌سە‌ركردنیان كرا لە‌پێناو بە‌رژە‌وە‌ندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لای خۆیەوە قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وە‌زیران، بە‌ لیژنە‌ی راسپێردراوی راگە‌یاند؛ حكومە‌تی ھە‌رێم ھە‌موو ئامادە‌ییەكی دە‌ربڕیوە‌ بۆ ئە‌وە‌ی بە‌پێی دە‌ستور و یاسا بە‌ركارە‌‌كان مامە‌ڵە‌ لە‌گە‌ڵ ماف و شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم بكرێت و ئامادە‌ییشی دە‌ربڕیوە‌ بۆ گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن.

لیژنە‌ی راسپێردراوی پەرلەمان پێشتر كۆبوونە‌وە‌یان لە‌گە‌ڵ لایە‌نە‌ پە‌یوە‌ندیدارە‌كانی عێراق كردووە‌ و لە ‌سە‌روبە‌ندی ئامادە‌كاری راسپاردە‌كانی خۆیاندان بۆ ئە‌وە‌ی بە‌زووترین كات میكانیزمی گونجاو بدۆزنە‌وە‌ بۆ پرسە‌ ھە‌ڵپەسێردراوكان بە‌تایبە‌ت كێشەكانی نە‌وت و دارایی.

لە ‌كۆتایی كۆبوونە‌وە‌كە لیژنەكە داوای خستنە‌ڕووی پێشنیاز و راسپاردە‌كانیان كرد لە‌ وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێم، بۆ ئە‌وە‌ی ئە‌وانیش لە‌گە‌ڵ پلانە‌كانی خۆیان یە‌كیان بخە‌ن و دە‌رچە‌یە‌كی گونجاو دابڕێژرێت كە‌ ئاسانكاریش بكات بۆ دیاریكردنی ئە‌رك و مافە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ بودجە‌ی 2021.

بڕیاریشە لیژنەکەی پەرلەمان لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات بۆ گەڵاڵەگردنی رێگا چارەیەكی دەرچوون لە كێشەكان كە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.
k24 -
Top