مێژوو و شوێنەواری ئایینی مەسیحی لە کوردستان

مێژوو و شوێنەواری ئایینی مەسیحی لە کوردستان
لەبارەی سەرەتای هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لە کوردستان، کەم سەرچاوەمان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، پسپۆرانی مێژوو و جیۆگرافیا باس لە دوو رێگای سەرەکی دەکەن، لە هاتنی ئایینی مەسیحی بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و کوردستان.

رێگای یەکەم: وا باس دەکرێ، کە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت لە کوردستان لە رێگای موژدەبەخشەکانەوە بووە، کە ئەمانە ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحییان بە شێوازی گفتوگۆ و باوەڕپێهێنان لەسەر شان بووە.

موژدەبەخشەکان کەسانێک بوون، کە لە رووی ئایینییەوە دەگەیشتنە پلەیەکی باڵا لە مەعریفە و زانستی ئایینی و توانای بانگهێشتکردنی خەڵکیان هەبووە، بۆ ناسین و باوەڕپێکردنی ئایینی مەسیحییەت.

یەکەم موژدەبەخشیش کە هاتووەتە ناوچەکانی کوردستان، یەکێک لە یارە نزیک و قوتابییەکانی پەیامهێن عیسا بووە بە ناوی (مار تۆما)، کە دواتر بەرەو ناوچەکانی ئەرمینیا و قەفقازیش رۆیشتووە و دواتر لە هیند کۆچی دوایی کردووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە ئایینی مەسیحییەت سەرەتا لە ناوچەی رەها، یان ئۆرفای ئێستای باکوری کوردستان بڵاو بووەتەوە.

رەها شارێکە لە باکووری کوردستان، کە وەک شاری پێغەمبەران ناسراوە، ئەم شارە سنوورییە، ناوەندی شارستانی و زانستی و مەڵبەندی چالاکییەکانی بزووتنەوەی رۆشنبیریی سریانی بووە لە سەدەی دووەمدا. پێدەچێ ئەم شارە شوێنێک بووبێت بۆ بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت بەرەو ناوچەکانی دیکەی شارەکانی نێوان دوو رووبارەکە.

لەم شارەدا کۆمەڵێک مامۆستا قوتابخانەیەکی ئایینیی سادەیان بەڕێوە بردووە، بەڵام دواتر لەسەر دەستی مار ئەفرام لە ساڵی ٣٦٣ زایینی، قوتابخانەیەکی لاهووتی رێک خرا و دامەزرا.

هەر لەسەر ئەم بابەتە، چیرۆکێک لەسەر چۆنیەتیی هاتنی مار تۆما بۆ کوردستان هەیە، کە دەڵێ: بۆ یەکەم جار تۆما لە سەدەی یەکەمی زایینی، لەسەر بانگهێشتی پاشای شاری رەها، کە داوای لە حەزرەتی مەسیح کردووە بۆ چارەسەرکردنی کچەکەی لە نەخۆشیی گەڕی یارمەتیی بدات، بەڵام عیسای مەسیح لەجیاتی خۆی، یەکێک لە کەسە نزیکەکانی، کە لە دوازدە قوتابییەکانیشی بووە، لەگەڵ دوو هاوەڵی، کە لە ٧٢ یارەکەی حەزرەتی مەسیح بوون، بۆ لای پاشای رەها دەنێرێت و کچی پاشا لەسەر دەستی نێردراوەکانی عیسای مەسیح لە نەخۆشییەکەی چاک دەبێتەوە، بۆیە لەدوای ئەم رووداوە، پاشا بڕیار دەدات ئایینەکەیان بگۆڕن بۆ ئایینی مەسیحی و بەو شێوەیە بە تێپەڕبوونی کات و هاتنەوەی بانگەوازخوازەکان ئایینی مەسیحی لە باکووری رافیدەین، گەشە دەکات و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر دەبن.

پاش مار تۆما، مار ئەدای و مار ماری لەگەڵدا بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە. کەسایەتیی مار ئەدای بەهۆی کارە باشەکانی و ئەو دڵسۆزییەی لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا هەیبوە، توانیویە سەرنجی خەڵک بەرەو ئایینی مەسیحی رابکیشێت و زۆر خەڵک باوەڕیان پێ هێناووە و بوون بە بڕواداری ئایینی مەسیحی.

یەکێک لەو کەسانەی لە مێژوودا ناوی هاتووە و چووەتە سەر ئایینی مەسیحی و بووە بە یەکەم مەتڕان لە حەدیاب، ئافرەتێک بووە بە ناوی باکیدە.

کەسایەتیی ماری بە دامەزرێنەری فەرمیی کورسیی کەنیسەی رۆژهەڵات دادەنرێت لە سالیق و قەتەیسفون (تیسفوون)، کە دروستکەری کەنیسەی دایک لە (کوخی) لە ناوچەی بوعیسا لەنزیک دۆرەی بەغدایە.

پاشان ئایینی کریستیان دەگاتە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، وەک کەرکووک، شەقڵاوە، ئاکرێ و ناوچە چیاییەکان.

سەبارەت بە ناوچەی حەدیاب و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی لەم ناوچەیەدا، لە ژمارە هەشتی گۆڤاری (سوبارتو)، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ئامادەکردنی مامۆستا رێزان غەفوورە، لەبارەی ئایینی مەسیحی لە شانشینی حەدیاب، وا باس دەکرێ کە: دوای ئەوەی شاژن هێلینا و بنەماڵەی شاهانە ئایینەکەی خۆیان، کە فرە خواوەندی بووە، دەگۆڕن بە ئایینێکی یەکتاپەرەستی، کە ئایینی جوو بووە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئایینی جوو وەک ئایینی بنەماڵەی پاشا، شاژن هێلینا سەفەر دەکات بەرەو فەڵەستین، هەر لەو کاتەوە بووە، کە پەیامهێن مەسیح لەدایک بووەوە و ئایینی مەسیحیش دەرکەوتووە و بانگەوازیی بۆ کراوە، بەڵام نازاندرێت کە شاژن هێلینا و بنەماڵەکەی چ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئایینی مەسیحیدا بووە، ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە، کە بە بڕیاری گۆڕینی ئایینی ئەم بنەماڵەیە بۆ ئایینی جوو، کاریگەریی کردووەتە سەر هەرێمی حەدیابین، بۆ وەرگرتنی ئایینی تاک خواوەندی و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی هەرێمی حەدیابین ئەم ئایینەیان قبووڵ کردووە.

رێگای دووەم: ئەو مەسیحییانە بوون، کە بەزۆر کۆچیان لە زێدی خۆیان پێ کرابوو و لەگەڵ هاتنیان بۆ کوردستان بووبوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەی ئەم ئایینە، ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی (بەرکۆکبا) لە ساڵی ٦٧ی زایینی، دوای ئەوەی شارەکەیان لە لایەن فەرماندەی رۆمانی (تەیتەس) کاول کرا و سووتا، لە فەلەستین بەرەو ناوچەکانی میزۆپۆتامیا بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی کۆچیان کردبوو و لەدوای نیشتەجێبوونیان و تێکەڵاوییان لەگەڵ خەڵک، ئایینی مەسیحیش بەرە بەرە لەناو خەڵک بڵاو بووە و ژمارەی پەیڕەوانی زۆر بووە.

رووداوێکی مێژوویی دیکە، کە کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر هاتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت لە ناوچە ناوبراوەکان، شەڕەکانی ئیمپراتۆری ساسانی بوو لەگەڵ ئیمپراتۆری رۆمەکان، کە بەهۆی ئەم شەڕانەوە ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکانی نیشتەجێ لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆری رۆما، دیلی سوپای ساسانی بوون و دواتر بەهۆی گواستنەوەیان بۆ وڵاتەکانی سەر سنوور وەک نێوان دوو رووبار و ئەنتاکیا و سووریا و شارە جیاوازەکانی ئێران، ببوونە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ئایینە لە ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و ئێرانی کۆن.

یەکێک لە کەسایەتییە مەسیحییەکانی کوردستان، کە لە مێژووی هاوچەرخی کوردیدا رۆڵێکی گەورە و پرشنگداری هەبوو، کەسایەتیی کەریمی ئەلەکە بووە.

ئەم کەسایەتییە ناوی تەواوی عەبدولکەریم ئەلیاس پۆلس بووە، کە لە ساڵی ١٨٦٧لە گوندی مەسیحینشینی هەرمۆتەی کۆیە لەدایک بووە.

کەریم بازرگان بووە، بەهۆی زیرەکییەکەی لە بواری ئابووری و خەمخۆرییەکەی بۆ خەڵکی هەژار و نەدار، هەروەها ئەو رۆحە نیشتمانپەروەرییەی هەیبووە، دەبێتە وەزیری ئابووریی سەردەمی حکوومەتی شێخ مەحمودی حەفید لە ساڵی ١٩٢٢.

لە کارە خێر و جوانەکانی ئەم گەورە پیاوە، دەتوانین ئاماژە بەو کارانەی بکەین، کە لە کاتی یەکەم جەنگی جیهانیدا، کە هەموو دنیا بە گشتی و کوردستان و سلێمانی بە تایبەتی تووشی برسییەتی و بێکارییەکی ترسناک بوون، کەریمی عەلەکە بڕێکی زۆری دانەوێڵەی کڕی و لە سایلۆکانی خۆی هەڵگرت و دواتر بە نیوەی نرخەکەی بەو کەسانە فرۆشت، کە توانای کڕینیان نەبوو، هەروەها بەسەر هەژار و نەدارەکانیش دابەشی کرد. لەو سەردەمە گرانی و نەبوونییەدا، ئاشێکی دامەزراند، کە بەخۆڕایی باراشی بۆ خەڵک لێ دەکرد، شەو و رۆژ لەپێناو خزمەتکردنی خەڵکی هەژار کاری دەکرد. هەر لە درێژەی کارەکانیدا، نانەواخانەیەکی دامەزراند، بۆ ئەوەی شەو و رۆژ خزمەتی خەڵکی پێ بکات.

کەریمی عەلەکە بەهۆی دادپەروەرییەکەی، لە سەردەمی عوسمانییەکان دەبێتە ئەندامی دادگای سزای سلێمانی بە پلەی قازی.

رۆحی نیشتیمانپەروەریی ئەم کەسایەتییە تا ئاستێک بەرز بوو، کە کاتێک کونسڵی رووسیا داوای دیداری دەکات، کەریم رەتی دەکاتەوە و پێیان دەڵێ، کە کەسانی حکوومی هەن نوێنەرایەتیی خەڵک دەکەن، بۆیە باشترە لەگەڵ ئەوان دیداریان هەبێت، نەک لەگەڵ من.

کەریمی عەلەکە لە ساڵی ١٩٤٨ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی دەکات و هەر لەوێ لە گۆڕستانی کاسۆلیکی بە خاک دەسپێردرێت.

مێژووی هاتنی مەسیحییەکان بۆ کوردستان دێرینە و بۆ سەردەمانی کۆن دەگەڕێتەوە، هەر بۆیەش چەندین دێر و کەنیسە و شوێنی ئایینی لە کوردستاندا هەن، کە لەسەر ئاستی جیهاندا بایەخیان پێدەدرێت و گرنگن. ئێمە لێرە بە شێوازی کورت و پوخت، باس لە چەند نموونەیەک لە بەتەمەنترین شوێنەوارەکانی ئایینی مەسیحی لە کوردستاندا دەکەین:



دێری مار مەتێ

یەکەم شوێنەواری ئایینی مەسیحییەت لە کوردستان، کە وەک کۆنترین شوێنەواریش تۆمار کراوە، شوێنەواری (دێری مار مەتێ)یە لە باشووری کوردستان، کە دەکەوێتە باکووری شاری مووسڵ و نزیکە لە شاری بەعشیقەیە و کەوتووەتە دامێنی چیای مەقلووب. هەڵکەوتە و شوێنی جوگرافیی ئەم دێرە، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی لەم چیایە دروست کردووە.

دێری مار مەتێ بە کۆنترین دێری کریستیانە سریانییەکان لە کوردستان و هەموو عێراق دادەنرێت و بەهۆی مێژووە کۆنەکەی، لەسەر ئاستی جیهاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. ئەم دێرە لە سەدەی چواری زایینی واتا لە سەردەمی دەسەڵاتداریی پاشای ئاشووری، مەلیک سەنحاریب دروست کراوە.

تەمەنی ئەم دێرە زیاتر لە ١٦٠٠ ساڵە و لە کۆتاییەکانی سەدەی چواری پێش زایین، واتە لەنێوان ساڵانی ٣٦١- ٣٦٣، نزیکەی ٣٠٠ ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحییەت، لە لایەن کەسایەتییەکی کورد، کە لە بنەماڵەیەکی دیاری دیاربەکر بوو، بە ناوی مار مەتێ، دروست کراوە.

ئەم پەرەستگایەش هەر وەک پەرەستگەکانی دیکە، کە نزیک بوون لە سنووری هێرشی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش)، هەڕەشەی تەقاندنەوەی لەسەر بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە پارێزرا.



کەسایەتیی مار مەتێ

مار مەتێ یەکێک لە حوارییەکانی عیسا مەسیح بووە، کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایینی مەسیحی بەرەو ناوچەکانی کوردستان هاتووە و لە ناوچەی نەینەوا، لەگەڵ رەبەنەکان شوێنێکیان دامەزراندووە بۆ نوێژ و نزا و بانگهێشتکردنی خەڵک بۆ ئەم ئایینە.



دێر رەبەن هورموزد لە ئەلقووش

ئەم دێرە دەکەوێتە ٤٠ کیلۆمەتری باکووری رۆژئاوای مووسڵ و دوو کیلۆمەتر و نیو لە شارۆچکەی ئەلقووشەوە دوورە. بە گوتەی سەرچاوەکان، ئەم دێرە لەنێوان ساڵەکانی ٦٢٨- ٦٤٨ی زایینی دروست کراوە.

دێری رەبەن هورموزد، لە لایەن کەسایەتیی قدیس رەبان هورموزد، کە بە رەگەز فارس بووە، دروست کراوە. رەبان هورموزد لە سەرەتاوە لە دێر کاری کردووە و بە ماوەی دوو ساڵ لە دێری ئەلرەئس ژیاوە و دواتر بەرەو دێرێک لەنزیک ئەلقووش رۆیشتووە. رەبان هورموزد لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و هەر لە بینای دێرەکەدا نێژراوە.



مەریەمانە لە هەولێر

سەبارەت بەم دێرە زانیارییەکی زۆرمان دەست ناکەوێ، ئەویش بەهۆی ئەوەی، کە تا ئێستا توێژینەوەی ئاکادیمی و زانستیی وردی بۆ نەکراوە، بەڵام کۆمەڵێ زانیاریی گشتی لەسەر ئەم دێرە هەیە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.

مەزارگەی پیرۆزی مەریەمانە، دەکەوێتە سێ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی عەنکاوە لە پارێزگای هەولێر. شێوازی بیناسازیی ئەم مەزارگەیە، پێکهاتووە لە دوو گومەزی بچووک و لە رێگای دوو دەرگای بچووک دەتوانی بچیت بۆ ناو مەزارگەکە.



لە ساڵی ١٩٦٥هەر لەسەر شێوازی خۆی، نوێ کراوەتەوە

لە ساڵی ١٩٧٥دیسان نۆژەن کراوەتەوە، بەڵام نەک بەو کەرەستەی بەکارهاتووی لەناو خودی بینا کۆنەکە، بەڵکوو ئەمجارە بە بەکارهێنانی کەرەستەی نوێ، بەڵام هەر لەسەر شێوازە کۆنەکەی بیناکە، کاریان تیادا کردووە، کە گومەز و دەرگا و دیوارەکان وەک خۆی ماونەتەوە.



چیرۆکێک هەیە، کە بە گوتەی پێشینانی ئایینی مەسیحی، ئەم مەزارگەیە کەنیسەیەکی کۆن بووە لەنزیک گوندێکی کشتوکاڵیدا، هەروەها هۆکاری دروستکردنەکەشی بو دەرکەوتنی مەریەمی پیرۆز لەم شوێنە دەگەڕێننەوە.

هەروەها وا دەڵێن، کە هۆکاری دروستکردنی ئەم مەزارگەیە ئەوەیە، کە مەریەمی پیرۆز لەم شوێنە دەرکەوتووە.



دێری مار عۆدیشۆ

مێژووی دروستکردنی ئەم دێرە بە تەواوی دیار نییە، بە گوتەی سەرچاوەکان، لە سەرەتای سەدەی چواری دوای زایین دروست کراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی تایبەتمان لەسەر ئەم بابەتە نییە. لە سەدەی بیستی زایینیدا کۆمەڵێ گۆڕانکاریی بیناسازی لەسەر ئەم بینایە کراون، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٣ وێران کراوە. دیسان لە ساڵی ١٩٨٥ نۆژەن دەکرێتەوە و هەمدیس لە سەردەمی دیکتاتۆری سەدام حوسێن لە ساڵی ١٩٨٧ بە شێوەیەکی گشتی وێران دەکرێت. بۆ دواجار، لە ساڵی ١٩٩٥ ئەم دێرە بە پشتگیریی کۆمەڵەی ئاشوورییەکان و کەنیسەی رۆژهەڵاتی، سەرلەنوێ نۆژەن و ئاوەدان کرایەوە و ئێستا وەک ناوەندێکی ئایینیی پیرۆز و گرنگی مەسیحییەکان لە چالاکی بەردەوامە.



ئەم دێرە لە سێ ژووری جیاجیا پێکهاتووە، کە لە بەرد دروست کراوەن، بنمیچێکی بتوونی دایاندەپۆشیت و لەسەر سەقفی ئەم دێرە، خاچێکی ئاشووری دانراوە.

ژووری یەکەم، کە بە گەورەیی ٣*٦ دروست کراوە و رەفێکی شەش مەتری رازێنراوەتەوە، کە وەك شوێنێکی پیرۆز بەکار دێت، بە هۆڵی ماری مانا دەناسرێت.



ژووری دووەم، کە بە ژووری مار عۆدیشۆ تایبەت کراوە، پێکهاتووە لە رێڕەوێکی سادە و بچووکتر لە ژووری یەکەم. سەقفی ئەم ژوورە، کە بە شێوازی گومەز دروست کراوە، بە کۆمەڵێ نەخش و زەخرەفەی تایبەت بە ئاشووری- بابلی دیزایین کراوە.



دوا ژووری ئەم دێرە، ژووری مار قەرداغە، کە ئەمیش هەر بە شێوازی رێڕەوێکی سادە، بە بەلەکۆنێک، کە بەرەو دەرەوە و سروشت دەکرێتەوە، کۆتایی پێدێت.

بە مەودای دە مەتر دوور لەم دێرە، ئەشکەوتی مار عۆدیشۆ هەیە، کە بە دەرگایەکی ئاسنی و قوفڵێکەوە داخراوە. ئەم ئەشکەوتە وەک شوێنێکی پیرۆز لە لایەن خەڵک بۆ نزا و شمەک خواستن بەکار دێت، بە تایبەت بۆ ئەو ئافرەتانەی، کە نزا بۆ منداڵبوون و بەتایبەت بۆ ئەوەی منداڵێکی کچیان هەبێت.



دێری سوڵتانە مەهادۆخت

ئەم شوێنەوارە، کە لەناو لیستی شوێنە شوێنەوار و کەلەپوورییەکانی عێراق ناوی نووسراوە، بە گوتەی هەندێ سەرچاوە، مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ٣١٩ زایینی دەگەڕێتەوە، واتا هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتداریی ساسانییەکان.

ئەم دێرە دەکەوێتە گوندی ئەردەنای خواروو، کە هەموو دانیشتوانی مەسیحین. بینای دێرەکە لە دوو ژووری گەورە پێکدێت، بە شێوەیەک، کە لە ژووری یەکەم بە سێ هەنگاوی گەورە دەگەیتە ژووری دووەم، کە لە گۆشەی بەشی رۆژهەڵاتی ئەم ژوورە شوێنی پیرۆز و تایبەت بۆ قوربانیکردنی لێیە، کە هەر لەو شوێنەش گۆڕی خزمەتکاری دێرەکەی لێیە.



هەموو ساڵێ لە ١٥ی مانگی ئایار، زۆربەی مەسیحییەکانی جیهان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، بە مەبەستی پیرۆزکردن و جێبەجێکردنی جەژنی شینبوونەوە و سەوزایی، کە بۆنەیەکی تایبەت بە حەزرەتی مەریەمە.



چیرۆکی هاتنی مەهادۆخت و خوشکەکەی بۆ ئەم دەڤەرە، بۆ دوو چیرۆک دەگەڕێتەوە، کە خەڵک باسی دەکەن، یەکەم ئەوەی ئەم دوو خوشکە بۆیە نێردراون بۆ ئەم شوێنە، چونکە حەزیان لە خوێندنی قوتابخانە نەبووە، بۆیە هاتوونەتەوە ئەوێ، بۆ ئەوەی فێری خوێندنی ئایینی و دینداری بن. چیرۆکێکی دیکەش هەیە کە دەڵێ: مەهادۆخت و خوشکەکەی لەژێر گوشاری ئایینی، کە لە لایەن ساسانییەکان و خەڵکی دیکە بۆیان دروست کرابوو، بەرەو ئەم ناوچەیە هاتوون و لەوێ سەرقاڵی خوێندنی ئایینی دەبن و هەموو ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی خەڵک و ئایینەکەیان تەرخان دەکەن، بەڵام لەدوای چەند ساڵ لە لایەن کەسانی نامەسیحی، کە دژایەتیی مەهادۆخت و مەسیحییەتیان دەکرد، هەر لەو گوندە و لە دێرەکەی خۆیان دەکوژرێن.

لەدوای کوژرانی مەهادۆخت بە چەند ساڵێک، رێبوارێک لەو شوێنە تێدەپەڕێت و رووناکییەک دەبینێت، کە لە گۆڕی مەهادۆخت و خوشکەکەی دێتە دەرێ، بۆیە شوێنەکە هەڵدەکۆڵێت و دوو کەللەسەر دەدۆزێتەوە و هەڵیاندەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیانبات. هەتا چەند ساڵێک، کە شەوێک خەون بە مەهادۆخت دەبینێت و داوای لێ دەکات، کەللەسەرەکان بۆ ئەو شوێنەی لێی هەڵگرتووە بگەڕێنێتەوە و بیاننێژێت، بۆیە رێبوارەکە هەمان کار دەکات و بۆ دواجار تەرمەکەی مەهادۆخت و خوشکەکەی لە دێری مەهادۆخت دەنێژرێت.

سەبارەت بە کەلوپەلی بەکارهاتوو بۆ ئەم بینایە، چیرۆکێک هەیە دەڵێ: بەردەکانی ئەم دێرە هەمووی لە چیای گارەوە هێنراون، بەبێ ئەوەی بە ئەرز بکەون، لێرەش مەبەست ئەوەیە، کە بەردەکان دەست بە دەست لە گارەوە بۆ ئەم دێرە گوازراونەتەوە.

مەهادۆخت وشەیەکی کۆنی زمانی فارسییە، کە بۆ سەردەمی ئەخمینییەکان دەگەڕێتەوە و بە واتای کچی مانگ، یان کچێک، کە لە جوانیا وەک مانگ بێت، هاتووە.

ئەم دێرە دێرینە هەتا ئێستاش هەر ئاوەدانە و بە رووی خەڵکدا کراوەیە.



رەبەن بۆیە

مەزارگە و ئەشکەوتی رەبەن بۆیە دەکەوێتە قەزای شەقڵاوە، سەر بە پارێزگای هەولێر. ئەم مەزارگەیە، کە لە قەد چیای سەفینە و لەسەر رێگای گشتیی شەقڵاوە- هیرانە و بە بەرزی ٢٠ مەتر لە شاخی سەفین هەڵکەندراوە.

رەبەن بۆیە لە دوو ژووری گەورە و چەند ژووری بچووک پێکهاتووە، شوێنێکی ئایینی لەنێوان هەر دوو ئایینی مەسیحی و ئیسلام، کە لای موسوڵمانەکان بە (وسوو رەحمان) ناو دەهێنرێت.

ئەم مەزارگە مێژووییە بووەتە شوێنێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە هەردوو پەیڕەوانی مەسیحی و ئیسلام، کە بۆ نزا و پاڕانەوە سەردانی دەکەن، بە تایبەت مەسیحییەکان، کە لەدوای جەژنی قیامەت، لە زۆربەی شوێنەکانی عێراق دێن و سەردانی دەکەن.



مەزاری مار بێنە قەردیشە

ئەم دێرە، کە (مار بەهنام) یشی پێدەگوترێ، دەکەویتە سێ کیلۆمەتری باکووری گوندی هەرمۆتە، ١٢٦٠ پێ لە شاخی باواجی لەنزیک گوندی تۆبزاوا، لە شارۆچکەی کۆیە.

لەسەر مێژووی ئەم دێرە دوو بۆچوون هەیە: یەکەمینیان ئەوەیە کە دەڵی: مێژووی ئەم دێرە پەیوەندیی بە مێژووی دروستکردنی دێری مار بەهنام لە مووسڵ هەیە، کە لەلایەن بەهنام و سارای خوشکی لە ساڵی ٣٦١- ٣٦٣ دامەزرابوو، کە بە دەست ئیمپراتۆری ساسانی (شاپووری دووەم) کوژراون.

دووەم: لە ئەنجامی هێرشی مەغۆلەکان بۆ ناوچەی مووسڵ و کاولکردنی کەنیسەی مار بەهنام لە مووسڵ، رەبەنەکەی ئەوێ کۆچی کردووە بۆ هەرمۆتەی کۆیە و ئەم دێرەی بە یادی شەهید بەهنامەوە دروست کردووە.



بۆ نووسین و رێکخستنی ئەم بابەتە، سوود لە دیدار و زانیارییه‌كان د.جەمیل عیسا کەریم بینراوه‌.



سەرچاوەکان:

- ئایین و باوەڕ لە کوردستان. نووسینی: کەریم زەند.

- ئاشووری مەسیحییەت (بەشی یەکەم)، نووسینی: قەشە د.جان فێی دۆمنیکی وەرگێڕانی: د جەمیل عیسا کەریم.

- کورتە مێژووی کلێسای کلدان. نووسینی: مەتران لویس ساکو، وەرگێڕانی: جەمیل عیسا کەریم.

- کورتە باسێکی شوێنەوارناس کۆڤان ئیحسان، بە ناوی مەهادۆخت، دێرا مەسیحیا و چیڤانۆکا مەجووسا.

- گۆڤاری (سوبارتو) ژمارە ٨.

- دیر الربان هرمزد: الاب الدکتور یوسف حبی، بغداد ١٩٧٧.

- کنائس و مزارات اربل: الاب ازاد صبری.

- مار قرداخ الشهید: ادمون لاسو.












باسنيوز



Top