سوپاسالاری پێشمەرگە: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زیاتر دەبێت

سوپاسالاری پێشمەرگە: ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زیاتر دەبێت


ئەمڕۆ پێنجشەممە لە عێراق بەهۆی ئەوەی كابینەكەی حەیدەر عەبادی سێ ساڵ پێش ئێستا سەركەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، بۆیە لە دامودەزگاكانی حكوومەت کراوەتە پشووی فەرمی، بەڵام بەرپرسان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن هێشتا داعش مەترسییە و رۆژانە كردەوەی تیرۆریستی ڕوو دەدەن.

لەمبارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ۆی١٢ی٢٠٢٠ جەمال ئیمنكی سوپاسالاری پێشمەرگە، ڕاگەیاند: "دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٦ ناوچە كوردستانییەكان كە پێشمەرگەی لێ بوو كەوتنە ژێر دەستی هێزە عێراقییەكان، بۆیە بۆشاییەكی زۆری ئەمنی دروست بوو، بەتایبەت لە نێوان هێزەكانی ئێمە و هێزە عێراقییەكان، هاوکات ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە نێوان خودی هێزە عێراقییەكانیشدا دروست بووە و تا ئێستا پڕ نەكراوەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جموجۆڵی داعش زیاتر دەبێ، هەروەها كردەوە تیرۆریستییەكانیان زیادی كردووە".

سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا: "رۆژانە چەكدارانی داعش لە دەوروبەری كەركووك و سنووری قەرەچۆخ و ناوچە كوردستانییەكانی دیالە كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات كە تا ئێستا مەترسیی داعش هەر ماوە، چونکە ئێستا تەنیا شار بەدەستیانەوە نەماوە، دەنا ئەوان هەر مەترسین و دەستی خۆیان لە هاوشێوەی پارتیزانیدا دەوەشێنن".

تیرۆریستانی داعش لە چەندین شوێنی عێراق، هەروەها ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان جموجۆڵیان هەیە و زۆر جار هێرش دەكەنە سەر هێزە ئەمنییە عێراقییەكان، هەروەها گوندنشینان و دوایین كردەوەی داعش شەوی رابردوو لە سنووری گوندی (تۆپزاوای) كاكەیی نشینی سەر بە قەزای داقووق هێرشیان كردە سەر خاڵێكی سوپای عێراق و لە ئەنجامدا سەربازێك كوژرا.






باسنيوز
Top