ناسنامەی ئەو تەرمە ئاشکرابوو کە سێ رۆژ پێشتر لە دهۆک دۆزرایەوە

ناسنامەی ئەو تەرمە ئاشکرابوو کە سێ رۆژ پێشتر لە دهۆک دۆزرایەوە
ناسنامەی ئەو تەرمە ئاشکرابوو کە سێ رۆژ لەمەوبەر لەنێو کەلاوەیەکدا نزیک بە بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە دهۆک دۆزرابوویەوە.

پۆلیسی بەڵگەی تاوان و فریاکەوتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان مەزەندە کراوە کە تەرمەکە هەفتەیەک بێت لەو شوێنەدا مابێتەوە، بۆیە راستەوخۆ رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کرا، بۆئەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بزانرێت.

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک راگەیاند "لە دووەم رۆژی دۆزینەوەی، کەسوکارەکەی پەیدابوون و دەرکەوت پیاوێکی 45 ساڵانە، دانیشتووی قەزای سێمێلە و دوای سەرجەم رێکارە یاساییەکان تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە".

تەرمەکە شوێنی هیچ گولـلە یاخود چەقۆیەکی بەسەرەوە نەبووە، وەکو کەسوکارەکەی بە پۆلیسیان گوتووە، ئەو پیاوە بەردەوام بێهۆش بووە و لە دەرەوە بووە، هیچ ماڵێکی تایبەتیشی نەبووە. هەروەها ئەو کەسە خێزاندار نییە و لەنێو کۆڵان و کەلاوەکاندا ژیاوە و چەند نەخۆشییەکی درێژخایەنیشی هەبووە، رەنگە ئەوەش هۆکاری مردنی بووبێت.
rudaw -
Top