پوخته‌ی گوته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك وه‌زیران كۆبوه‌وه و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی تاووتوێكران.
كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌ت له كاتێكدایه، بڕیاره ئه‌مڕۆ شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێم، به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی به‌غدا بكات.
پوخته‌ی گوته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
به‌ناوی خوای گه‌وره و میهره‌بان
ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان هه‌بوو له‌سه‌ر دوو بابه‌تی گرنگ. له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه نه‌خوازراوانه‌ی له رۆژانی رابردوو له هه‌رێمی كوردستان روویاندا، هه‌روه‌ها تاوتوێی گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی له به‌غدا ته‌وه‌ری گفتوگۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوون.
پێمان خۆشه هاووڵاتیان ئاگادار بن و ئه‌و راستیانه‌ی پێویسته لێره‌وه له‌گه‌ڵیان باسیان بكه‌ین.
پێش هه‌موو شتێك پێویسته سه‌ره‌خۆشی له قوربانیانی هه‌موو ئه‌وانه بكه‌م، كه گیانیان له‌ده‌ستداوه، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی به هۆی په‌تای كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه. هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری ئازیزانیان ده‌كه‌م به‌م بۆنه‌یه‌وه.
به‌ڕێزان..
ئه‌م دوو ته‌وه‌ره‌ی گرنگه ئه‌مڕۆ باسیان بكه‌م، من له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان هه‌ندێك شت هه‌یه ده‌مه‌وێت بیخه‌مه به‌رچاوی به‌ڕێزتان.
ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكمان داوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و گرفتانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه، چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه و ئه‌م دۆخه ناله‌باره راست بكه‌ینه‌وه، له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقیش له‌سه‌ر بنه‌مای مافه ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بگه‌ینه رێككه‌وتن.
ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌موو مافێكی ده‌ستووری و یاسایی خه‌ڵكی كوردستانین، پشتیوانی له خۆپیشاندانی ئاسایی و شارستانی و ئارامی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین. ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك ئازاد بن له ده‌ربڕینی راو و بیروبۆچوونی خۆیان، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كه (ته‌عه‌ددا) له ئازادی و مافی كه‌سی دیكه نه‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی بینیمان خه‌ڵێك هه‌یه (به‌داخه‌وه) له بارێكی ناخۆشدا ده‌ژین و له نیگه‌رانیان تێده‌گه‌ین. به تایبه‌ت له لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه (ئیستغلالی) خۆپیشاندانیان كرد و هاتنه ناو خۆپیشاندان، له بری ئه‌وه‌ی به هێمنانه خۆپیشاندان بكرێت و كردیان به بابه‌تی گێره‌شێوێنی و تێكدان و توندوتیژی و فه‌رهوود و كوشتن.
ئێمه وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم، له كاتێكدا پشتیوانی له خۆپیشانده‌ران ده‌كه‌ین، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ته سه‌قامگیری وڵات بپارێزێت. داوا له هه‌موو خوشك و برایانی خۆشه‌ویستم ده‌كه‌م، له مه‌ترسی ئه‌م دۆخه نه‌خوازراوه‌ی هه‌رێمی كوردستان تێبگه‌ن.
ئه‌و هاووڵاتییه‌ی داوای ماف ده‌كات، پێویسته بزانێت ئه‌و داوایه له كێ ده‌كات، ئه‌گه‌ر هه‌ست ده‌كات مافی خوراوه و مووچه نه‌دراوه، پێویسته بزانێت داوای ئه‌و ماف و مووچه‌یه له كێ بكات، داواكاری له‌و كه‌سه ده‌كه‌ین، كه مافی هه‌رێمیان پێشێل كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به هانای خه‌ڵكی كوردستانه‌وه بێن و مافه ده‌ستوورییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی ئێمه بینیمان دووره له‌و واقیعه، چونكه مه‌به‌ستی دیكه‌ی له پشته‌وه بووه، هه‌روه‌ك ده‌بینین، خه‌ڵكانێك جگه له خۆپیشانده‌ری ئاسایی خزابنه ناو ئه‌و خۆپیشاندانانه و ئاراسته‌كه‌یان گۆڕیبێت. وه‌ك خۆتان بینیتان، كه په‌لاماری داموده‌زگا حكومی و حزبی و فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كانیان دا، ئه‌مه نه مووچه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات و نه مافی ره‌وای خه‌ڵك ده‌هێنێته دی.
كێشه‌ی ئێمه ته‌نیا مووچه نییه. ئێمه خاوه‌ن پرسێكین، مافی ئێمه چه‌ندین ساڵه پێشێل ده‌كرێت. ئێمه ده‌ستوورێكمان هه‌یه، هه‌موو كاتێك داوای جێبه‌جێكردنی ده‌ستوورمان كردووه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانمان.
داوا ده‌كه‌م ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ش له ماڵه‌وه دانیشتوون و به نیگه‌رانییه‌وه چاوه‌ڕێی چاكبوونی ره‌وشه‌كه ده‌كه‌ن، پشتیوان و هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه‌كان بدۆزینه‌وه.
K24
