بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان: بە هەڕەشەی حەشدی شەعبی پەلکانە بۆ عەرەبی هاوردە چۆڵ نەکەن

بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان: بە هەڕەشەی حەشدی شەعبی پەلکانە بۆ عەرەبی هاوردە چۆڵ نەکەن
بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز، دوایین زانیاری لەسەر دۆخی گوندی پەلكانەی سەر بە ناحیەی دووبز، دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەكات داوایان لە دانیشتووانی گوندەكە كردووە لەسەر قسە و هەڕەشەی بەرپرسێكی حەشدی شەعبی گوندەكەیان بۆ عەرەبە هاوردەكان چۆڵ نەكەن.

لەمبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی١٢ی٢٠٢٠ لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە قەزای دووبز، ڕایگەیاند: "دوێنێ "محەمەد مەهدی بەیاتی" كە بەرپرسێكی حەشدی شەعبیە لە كەركووك لە ماڵی یەكێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبە هاوردەكان بۆ گوندی پەڵكانە هێندراوەن، داوەت بووە كە ئەو سەرۆك هۆزە خۆشی خانوویەكی لە گوندەكە داگیر كردووە و تێیدا دادەنیشێت، ئەو سەرۆك هۆزە بە بەرپرسەكەی حەشدی شەعبی دەڵێت، كوردەكان گوندەكە چۆڵ ناكەن، ئەویش هەر لەسەر قسەی ئەو سەرۆك هۆزە کوردەکانی ئاگادار كردووەتەوە كە لە ماوەی 48 كاتژمێردا ماڵەكان چۆڵ بكەن و یەكسەر ماڵی هاووڵاتییەك بەناوی (ئاری) خانووەكەیان پێ چۆڵ كردووە و ماڵەكانی تر تا ئێستا ماون، ئیتر لەسەر ئەو دۆخە ئێمەیان ئاگادار كردەوە و ئێمەش پێیانمان راگەیاندووە لەسەر قسەی ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی خانووەكانیان چۆڵ نەكەن".

گوتیشی: "ئێستا لە ناو گوندەكە دوو مەفرەزەی هێزی سەربازی لێیە، كە ئەوانیش هەر بۆ پاراستنی عەرەبە هاوردەكان لەوێن و كوردەكانیش هیچ دەسەڵاتێكیان نییە و تەنیا مەگەر بەرگری بكەن و نەهێڵن بە زۆر خانووەكانیان لێ داگیر بكەن".

بەپێی زانیارییەكان ئەو بەرپرسەی حەشدی شەعبی كە فەرمانی چۆڵكردنی خانووی هاووڵاتیانی گوندی پەلکانەی داوە، ناوی "محەمەد مەهدی بەیاتی" و ناسراوە بە (ئەبوو ئەیووب) كۆنە نایب زابتی كاتی بەعسە و خۆشی رەفیق حزبی بەعس بووە و توركمانی شیعەی خەڵكی شاری خورماتووە و ئێستاش بەرپرسی رێكخراوی بەدری حەشدی شەعبیە لە كەركووك.

ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە عەرەبە هاوردەكان هەر جارە و بە بیانوویەك هەڵدەكوتنە سەر گوندەكانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری كورد و چەندین جاریشە هەڵدەكوتنە سەر گوندی سەرگەڕان كە گوندێكی گەورە و ستراتیژییە و خاوەنی زەوییەكی زۆری كشتوكاڵییە.











باسنیوز


Top