هەرێمی کوردستان و نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆیان له‌سه‌ر داڕشتنی ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كرد

هەرێمی کوردستان و نەتەوەیەکگرتووەکان گفتوگۆیان له‌سه‌ر داڕشتنی ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كرد


ئه‌مڕۆ لە هەولێر گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ باره‌ی داڕشتنی ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەڕێوە چوو.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8/12/2020، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێکخراوی UNDP و وەزیری دادی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەری و ئەندامانی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان له‌سه‌ر داڕشتنی ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كرد.

لەبارەی ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆی كۆبوونه‌وه‌كه‌، د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ گفتوگۆی داڕشتنی ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، "بەشێوەیەک کە ڕێنماییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەخەینە ناو داواکارییەکانمان و دواتر وەک ڕێنمایی بە فەرمی بڵاو دەکرێنەوە تا هەموو دام و دەزگاکانی حکوومەت پەیڕەوی بکەن."

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لەئێستادا یاسای چاکسازی لە کوردستان بەرکارە، بەڵام هێشتا گەندەڵی یەکێک لە بابەتە مەترسیدارەکانمانە و هەموو دەزگاکانیش ڕاسپێردراون کار لەسەر یاسای چاکسازی بکەن.

باسی لەوەش کرد، کە سبەی چوارشه‌ممه‌ ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی بڵاو دەکرێنەوە و "تەواوی داتا و زانیارییەکانی ئەمساڵی کارکردنمان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەخەینە ڕوو".







باسنيوز
Top