بینایی بۆ چاوەکانی مەرامی پێنج ساڵان گەڕێندرایەوە و "زۆر دڵخۆشە"

بینایی بۆ چاوەکانی مەرامی پێنج ساڵان گەڕێندرایەوە و
مەرام تەمەنی پێنج ساڵانە، لە تەمەنی دوو ساڵییەوە تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی چاو بووە، دوای ماوەیەک چاوی راستی بەتەواوی لەدەستدەدات و لە تەمەنی چوار ساڵیشدا لەکاتی یاری لەگەڵ خوشکەکەی زەبرێک بەر چاوی چەپی دەکەوێت و دونیای روونی لێ تاریک دەبێت.

سەیفەدین ئیبراهیم، باوکی مەرامە و دەڵێت، "من زۆر هەوڵم دا، سەردانی زۆر نەخۆشخانەمان کرد، پرسیاری زۆرمان کرد لە ئێران، لە ئوردن، سووریا و تورکیا. تەنیا ئاواتمان ئەوە بوو کە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، بەڵام لەبەر کۆرۆنا هیچمان پێ نەکرا".

مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ دوای راپۆرتێک و پێشاندانی کەیسی مەرام لە بەرنامەی بەرپرسیار پێشاندرا، دوای بەرنامەکە بەشی تەندروستی لە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێچووی نەشتەرگەری و دابینکردنی گلێنەی چاوی بۆ مەرام لە ئەستۆ گرت، گلێنەکە لە ئەمریکاوە هێنراوە و 5ـی مانگی کانوونی یەکەم نەشتەرگەری بۆ کرا.

دکتۆر ئارام تاریق، پزشکی پسپۆڕی چاوە لەبارەی نەشتەرگەرییەکە دەڵێت، نزیکەی کاژێر 6:30 خولەک دەستمان بە نەشتەرگەری کرد و نزیکەی دوو کاژێری خایاند، "هیوادارم نەشتەرگەرییەکی باش بووبێت، چونکە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتووانە تەواو کرا، هاوێنەی چاومان بۆدانا، شلەی شووشەییمان بە شێوەی جوان و رێکوپێک بۆ کرد و گلێنەیەکی باشمان بۆ چاند".

پاش تێپەڕبوونی 17 کاژێر لە نەشتەرگەری دەبینن، ساتێکی گرنگ چاوەڕوانی مەرامی دەکرد، دکتۆر ئارام تاریق رایگەیاند، "نەشتەرگەرییەکەی زۆر باشە، سەرکەوتوو بووە، بینین و رووناکی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی کە بینینێکی جێگیر ببینێت، نزیکەی مانگێک تا دوو مانگ دەخایێنێت".

نازک عەلی دایکی مەرامە، گوت "ئەمڕۆ مەرام زۆر دڵخۆشە، چونکە هەر نەگریا و خواردنی خۆی خوارد، دەیگوت بە چاوی خۆم دەبینم و منیش زۆر دڵخۆشم و دەستخۆشی لە دکتۆر دەکەم".

مەرام و خێزانە 5 کەسییەکەی خەڵکی قامشلۆن و ماوەی 7 ساڵە لە دهۆک دەژین، ئەوان ئێستا بە هیوایەکی زۆر بەرەو ماڵەکەیان بەڕێ دەکەون، هیوایەک کە بەگەڕانەوەی بینایی بۆ چاوەکانی مەرام خەمی ئاوارەیی و لەدەستدانی سێ منداڵەکانی دیکەیان بەهۆی نەخۆشییەکی سکماکییەوە، تاڕادەیەک لە دڵ دەڕەوێنێتەوە.
rudaw -
Top