لە خورماتوو میلیشیاکان لە سێ بازگە سەرانە لە شۆفێری بارهەڵگرەکان وەردەگرن
مەودای نێوان ئەو سێ بازگەیە چوار كیلۆمەترە و دەكەوێتە سەر ڕێگای نێوان خورماتوو- قادركەرەم و چەكدارانی ئەو بازگانە وەك شۆفێرانی بارهەڵگرەكان ئاماژەی بۆ دەكەن تاكوو پارەیان لێ وەرنەگرن، ناهێڵن بارەكانیان لە سنووری خورماتووەوە بەرەو سنووری هەرێمی كوردستان بڕوات.
لەو بازگانە دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان ڕاگرتووە و هەر شۆفێرێكی بارهەڵگر كە باری لە شارەكانی ناوڕاست و باشووری عێراقەوە هێنابێت، هەتا لە هەرکام لەو بازگانە بڕی 100 دۆلار نەدات، ڕێگەیان پێ نادرێت لەوێوە تێپەڕن.
لەمبارەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/12/2020، ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە و بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و ئەو هەموو هێزانەی دیكە كە هاتنە سنووری خورماتوو، تەنیا سەرقاڵی خۆدەوڵەمەندكردنن و ئیتر بەهەر شێوەیەك بێت".
گوتیشی: "چەكدارانی ئەو هێزانە لە بازگەكانی ڕێگەی خورماتوو- قادركەرەمیش لە هەر بارهەڵگرێك چەند سەد دۆلارێك وەك سەرانە لە شۆفێران وەردەگرن، هەروەها ئەوەش بۆ دەوڵەمەندكردنی بەرپرسی هێزەكانە و ئیتر چی حەشدی شەعبی بێت، یان هێزەكانی دیکە تەنیا زیانمەندی سەرەكیش خەڵكی كاسبكار و خاوەن بارهەڵگر و شۆفێرەكانن".
باسنیوز
