قەهوەچی: پوختەیەک لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان

قەهوەچی: پوختەیەک لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان
سکرتێری په‌رله‌مانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لێژنەیەکی تایبەت لە پەرلەمان هەڵسەنگاندن بۆ راپۆرتی حکوومەت لەبارەی یاسای چاکسازی دەکات و پوختەیەکی راپۆرتەکەش دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

مونا قه‌هوه‌چی، سکرتێری په‌رله‌مانی کوردستان، رایگەیاند، پرۆژه‌یاسای چاكسازی بووه‌ته‌ یاسا و جێبەجێکردنی بۆ بژێوی هاووڵاتییان و کەرتی سەربازیی هەرێمی کوردستان، گرنگە.

مونا قەهوەچی هەروەها رایگەیاند، لەکاتی دەرکردنی یاساکە، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پێشوازییان لە یاساکە کرد و چاوەڕێی ئەوە دەکەن، ئەو یاسایە، بە تایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە چاکسازی لە ریزەکانی پێشمەرگە هەیە، جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەوەی هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە زیاتر بێت.

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، کە جێبەجێنەکردنی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ریزەکانی پێشمەرگە ”خراپ“ بەسەر هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە و دەبێ هەموو لایەک پشتیوانیی حکوومەت بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایە.

بەپێی یاسای چاکسازی، دەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ مانگ جارێک راپۆرتێک لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکە بنێرێتە پەرلەمان. هەروەک مونا قەهوەچیش رایگەیاند، 20 رۆژ پێش ئێستا حکوومەت راپۆرتێکی تێر و تەسەلی لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاساکە ناردە پەرلەمان و لێژنەیەکی تایبەتمەندی پەرلەمانیش هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و پوختەیەک لەبارەیەوە ئامادە دەکات و دەیداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

سەبارەت بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، قەهوەچی رایگەیاند، راپۆرتی تایبه‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییەکەی هەرێمی كوردستان لەبارەی رێككه‌وتنی هەولێر و به‌غدا، پرسی ده‌روازه‌ سنوورییە‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی هەرێمی کوردستان گه‌یشتووەته‌ په‌رله‌مان و ”هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رچاو روونییان هه‌بێت له‌سه‌ر راپۆرته‌كه‌“.










باسنیوز


Top