قۆناغێكی نوێ له بهرهنگاربوونهوهی كۆرۆنا دەستپێكرد
بەریتانیا وەک یەکەم وڵات لە جیھان ڤاکسینەکەی کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێکی پەسەند کرد.
مات ھانکۆک، وەزیری تەندرووستی بەریتانیا گوتی: "ھەواڵێکی زۆر دڵخۆشکەرە، کە ئاژانسی رێکخستنی دەرمان و چاودێری تەندرووستی ڤاکسینەکەی پەسەند کردووە و دەتوانین بەکاری بھێنین. خزمەتگوزاری تەندرووستی نیشتمانی بەریتانیا ئامادەیە بۆ دابەشکردن و پێدانی ڤاکسینەکە بە خەڵکی. لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوودا دەست بە پرۆگرامی کوتانی خەڵکی دەکەین بە ڤاکسینەکە لە دژی کۆڤید19، ڤاکسینەکەش کاریگەری ھەیە و سەلامەتە. ڤاکسینەکە دەبێ لە (70) پلەی ژێر سفر ھەڵبگیرێت وەک وەزارەتی تەندروستی ئامادەکاری تەواومان بۆ ئەو مەبەستەش کردووە."
لە یەکەم قۆناغدا تیمەکانی تەندرووستی و ئەوانەی لە سەنتەرەکانی چاودێری و خانەی بەساڵاچوواندان، ڤاکسینەکە وەردەگرن و دواتر خەڵکی دیکە وەریدەگرن.
جاکوێلین رۆبیانس، ھاووڵاتی بەریتانی تەمەن (76) ساڵ گوتی: "ھەندێک کەس تا ئێستا دوودڵن لەوەی ڤاکسینەکە وەربگرن یان نا، بەڵام دوای ئەوەی بینییان کە خەڵکی ڤاکسینەکە وەردەگرن و ھیچ کێشەیان نییە، ئیتر ئاسایی دەبێتەوە و ئەوانیش وەریدەگرن. چونکە کۆڤید 19 زۆر مەترسیدارە و دەبینین رۆژانە خەڵکی دەکوژێت. دەبێ ئەو کەسانە پرسیارێک لەخۆیان بکەن: ئایا دەتەوێت بمری یان ڤاکسینەکە وەربگریت؟"
بەریتانیا (90) ملیۆن پێکوتەی ڤاکسینەکەی لە ھەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتیک کڕیوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ھەواڵی پەسەندکردنی بەکارھێنانی لەلایەن ئاژانسی رێکخستنی دەرمان و چاودێری تەندرووستی بەریتانیاوە، لە بەلجیکاوە دەستکرا بە گواستنەوەی 20 ملیۆن پێکوتەی ڤاکسینەکە بۆ بەریتانیا.
بڕیارە لە ئەمریکاش لە (10)ی مانگەوە دەست بە پێدانی ڤاکسینەكە بە خەڵکی وڵاتەکەیان بکەن. ئیتالیا و بەلجیکاش ئامادەکاری تەواویان کردووە.
روسیاش پێش ھەموو وڵاتان درووستکردنی ڤاکسینی سپۆتنیک ڤی راگەیاند، ھەرچەندە لەلایەن رێکخراوی تەندرووستی جیھانییەوە پەسەند نەکراوە، بەڵام ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا بڕیاری دا کۆتایی ھەفتەی داھاتوو دەست بە پرۆگرامی فراوانی پێدانی ڤاکسینەکە بکرێت. لە قۆناغی یەکەمدا مامۆستایان و پزیشک و ستافی تەندرووستی روسیا ڤاکسینەکە وەردەگرن.
k24 -
