پەرلەمانتارێک: لە باشماخ و پەروێزخان ئۆتۆمبێلى بڕاوەی قه‌ده‌غه‌كراو هاوردەى سلێمانى دەکرێن

پەرلەمانتارێک: لە باشماخ و پەروێزخان ئۆتۆمبێلى بڕاوەی قه‌ده‌غه‌كراو هاوردەى سلێمانى دەکرێن
ئەندامێکى لێژنەى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان رای دەگەیەنێت، لە هەردوو دەروازەى باشماخ و پەروێزخانه‌وه‌، ئۆتۆمبێلى بڕاوە و لێدراو بە نایاسایى هاوردەى سلێمانى دەکرێن، له‌ كاتێكدا بە پێى رێنماییەکانى وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و لە پێناو سەلامەتیى گیانى هاووڵاتیاندا هاوردەکردنى ئەو ئۆتۆمبێلانە قەدەغە کراوە.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/12/2020، حیکمەت محەمەد، بڕیاردەرى لێژنەى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان كە ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، راى گەیاند: "بەپێى بەدواداچوونەکانى لێژنەى ناوخۆ و بە دانپێدانانى بەرپرسانى هاتوچۆى سلێمانى، تائێستاش ئۆتۆمبێلى بڕاوە و لێدراوى مۆدیل کۆن لە هەردوو دەروازەى باشماخ و پەروێزخانه‌وه‌ بە نایاسایى هاوردەى سلێمانى دەکرێن، چونکە بەپێى رێنماییەکانى وەزارەتى ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاوردەکردنى ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە قەدەغەکراوە".

راشیگەیاند" ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە هیچ مەرجێکى سەلامەتییان تێدا نییە و لە وڵاتان بەکار ناهێندرێن، لە کاتى رووداوەکانى هاتوچۆدا زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت و گیانى هاووڵاتیان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمە لە کاتێکدایە لە دەروازە سنورییەکانى ئیبراهیم خەلیل و حاجى ئۆمەران بەهیچ شێوەیەک رێگە بەهاوردەکردنى ئەو ئۆتۆمبێلانە نادرێت".

نیگه‌رانیی له‌وه‌ش ده‌ربڕی، كه‌ ئه‌و جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتوچۆى سلێمانى مامەڵەیان بۆ دەکرێت و تابلۆى ژمارە سلێمانییان پێ دەردێت، بەڵام "بە هیچ شێوەیەک لە هەولێر و دهۆک تابلۆیان پێنادرێت، بۆیە لێژنەى ناوخۆى پەرلەمان هەوڵەکانى چڕکردووه‌تەوە لە پێناو راگرتنى هاوردەکردنى ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە".













باسنیوز


Top