جووتیار عادل: ئەنجوومەنى وەزیران لەبارەى دابەشکردنى مووچە کۆ دەبێتەوە

جووتیار عادل: ئەنجوومەنى وەزیران لەبارەى دابەشکردنى مووچە کۆ دەبێتەوە
گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند کە هێشتا مەترسی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئارادایە و لە توانای حکوومەتى هەرێمدا نییە کۆنترۆڵى بکات، بۆیە بڕیارى ڕاگرتنى دەوامى خوێندن بەردەوام دەبێت و هەروەها حکوومەت لەبارەى دابەشکردنى موچە کۆدەبێتەوە.

جوتیار عادل، گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەى لیژنەى باڵای بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنامان تاوتوێ کرد و بڕیارماندا کە راگرتنى دەوامى خویندن لە ناوەندەکانى پەروەردە بەردەوام دەبێت تا ٧ی١ی٢٠٢١، دواى ئەوە کۆبوونەوەى دیکەى ئەو لیژنەیە بەڕێوە دەچێت و بڕیاری دیکە دەدرێت".

ئەوەشی خستە روو، کە بەهۆی ئەو رێکارانەى وەزارەتى پەروەردە گرتوویەتییەبەر مەترسی لەدەستچوونى خوێندنى ئەمساڵ لە ئارادا نییە.

لەبارەى دابەشکردنى مووچەوە گوتەبێژى حکوومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەم زووانە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیران ئەنجام دەدەین لەبارەى مووچە و لەوێ بڕیارى دابەشکردنى مووچە دەدرێت، لەبارەى دانوستانى بەغداوە وەفدى حکوومەتى هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا".

هەروەها لەبارەى دابینکردنى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا جووتیار عادل گوتى: لەسەر ئاستى هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەوڵى دابینکردنى ڤاکسین دراوە و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێکارەکان دیارن .











باسنيوز


Top