مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان هەموو ئەرك و پابەندییەكانی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا جێبەجێ كردووە

مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان هەموو ئەرك و پابەندییەكانی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ  بەغدا جێبەجێ كردووە
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/1 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی بەریتانی کرد کە پێکهاتبوو لە جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، جەیمس هیپی، وەزیری هێزە چەکدارەکان و ستیفن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا. شاندی بەریتانی ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی بەریتانیا بە ڕێز و ستایشەوە دەڕواننە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، ئامادەیی وڵاتەکەشیان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی بەریتانیا لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستاندا.

لە بەرامبەردا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی بەریتانیا ، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات.













باسنيوز


Top