دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان داوای کاراکردنی سندووقی ژینگە دەکات
گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، سندووقی ژینگە بڕە پارەیەکی سەرپێچییەکانی بواری ژینگەی تێدایە و نووسراومان بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە کە سندووقە کارا بکەن و داوایەکیش ئاراستەی دەستەی وەبەرھێنان دەکات.
ئەحمەد محەمەد، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "سندووقی پاراستن و چاککردنی ژینگە کە داھاتەکەی لە سەرپێچییە ژینگەییەکانەوە کۆ دەکاتەوە، تا ئێستا بڕە پارەیەکی تێدا کۆ کراوەتەوە کە زیاتر ئەو پارەیەیە کە دەستەی ژینگە لە بابەتی پەیوەندیدار بە ژینگە و مۆڵەت خۆی وەری گرتووە، بەڵام تا ئێستا ئەو پارەیەی وەزارەتەکانی دیکە کە لە بواری ژینگە وەری دەگرن، نەخراوەتە ناو ئەو سندووقەوە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی".
ئەحمەد محەمەد گوتیشی: "نووسراومان بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە ھەموو ئەو داھاتانەی کە بەناوی ژینگە و سەرپێچییە ژینگەییەکانەوە وەردەگیردرێت، بخرێنەوە ئەو سندووقەوە، ھاوکات ڕەزامەندیش دەرببڕن لەسەر خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەیەی لە سندووقەکە دایە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە بواری خزمەتکردن بە ژینگە خەرج بکرێتەوە".
گوتەبێژی دەستەی ژینگە ڕوونیشی کردەوە: "لە ساڵی ڕابرددوودا بەھۆی جێبەجێنەکردنی ڕێنوێنییە ژینگەییەکانەوە پێدانی مۆڵەتمان بۆ ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە ڕەت کردووەتەوە و ھەندێکیشمان داونەتە دادگا، ھاوکات داوای ئەوەشمان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت دەستەی وەبەرھێنان کردووە کە پێش پێدانی مۆڵەت و دەستکردن بە پڕۆژە، ڕای ئێمەش وەربگیردرێت بۆ ئەوەی ڕێنوێنییە ژینگەییەکانیان بەسەردا بسەپێینن وەک ئەوەی کە دەبێت ڕێژەیەک سەوزایی لە پڕۆژەکەیاندا بێت، خاوەن ئاوی خۆی بێت، پڕۆژەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی ھاووڵاتیان نەبێت و شوێنێکی فراوان و تەندروستیشی بۆ پشوودانی ھاووڵاتییان ھەبێت".
باسنیوز
