سێشەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە
د. هەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگاری سلێمانی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە کاژێر 2:00 بەسەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ لە تەلاری وەزارەتی ناوخۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. هەریەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن."
پارێزگاری سلێمانی باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەکە لە کۆبوونەوەی مانگی پێشوودا دیاریکراوە بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و تێیدا بڕیاری نوێ لەبارەی دەستپێکردنەوە یان بەردەوامبوونی ئەو بارودۆخەی پرۆسەی خوێندن و ناوەندە زانکۆییەکان هەیە، دەدرێت.
لێکۆڵینەوەی ورد لەو بابەتە دەکرێت کە ئەو رێکارە پێویستانە چین بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەبێت بگیرێنەبەر.
لەبارەی پڕۆسەی خوێندنەوە وەک ئێستا یان دەستپێکردنەوەی لەناو هۆڵەکاندا، هەڤاڵ ئەبووبەکر کە هاوکات سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانییە گوتی: "ئەوە لەسەر ئاماژە، راپۆرت و هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی تەندروستی وەستاوە. هەڵسەنگاندنەکانی ئەوان یەکلاییکەرەوەیە بۆ ئەوەی چ بڕیارێک لەو بارەوە بدرێت."
rudaw -
