سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین: هەفتەی داهاتوو بەشە ناوخۆییەکان دەکرێنەوە
د. جەوهەر فەتاح سەعید، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، راگەیاند: "هەموو پێداویستییەکان بۆ تەواوی بەشە ناوخۆییەکان دابینکراون. چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناین کە 2020/12/01 کۆدەبێتەوە."
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هیچ بڕیارێکی پێچەوانە نەدرێت، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان دەکرێت، وەرگرتنی قوتابیانیش لە بەشە ناوخۆییەکان مەرجدار دەبێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و تۆمارکردنی یەکەم تووشبووی ئەو ڤایرۆسەوە لە عێراق لە 24ی شوباتی 2020ـدا، لە 2020/02/26ـدا ناوەندەکانی خوێندن داخران، لە قەرەبووکردنەوەی پشووەکە و چۆنیەتیی کردنی تاقیکردنەوەکان وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەستکراوە کران.
لە 2020/10/04 لە بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان خوێندن بەشێوەی ئاوێتە دەستیپێکرد، بەڵام نزیکەی سێ هەفتە دەبێت خوێندن لەناو کامپ لە بەشی زۆری زانکۆکان راگیراوە، ئەوەش دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان.
rudaw -
