جێگری پارێزگاری نەینەوا: دوا مۆڵەت دراوەتە گرووپە چەکدارەکان شنگال چۆڵ بکەن
جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ئاوارەکان ڕای گەیاند، حکوومەتی عێراق دوا مۆڵەتی داوەتە هەموو ئەو گرووپ و هێزە نایاساییانەی کە لە شنگالن و دەبێ هەتا ڕێکەوتی ١ی١٢ی٢٠٢٠ سەنتەری قەزای شنگال چۆڵ بکەن.
لەمبارەوە عەلی عومەر، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری ئاوارەکان ڕاگەیاند: "دەرفەتێک بە هەموو ئەو گرووپ و هێزە نایاساییانەی کە ئێستا لەناو شنگالدان دراوە تاکوو سبەی سێشەممە ١ی١٢ی٢٠٢٠ سەنتەری قەزای شنگال چۆڵ بکەن و ئەگەر بێت و ئەو هێزانە شنگاڵ چۆڵ بکەن، ئەوکات ئارامی و تەناهی دەگەڕێتەوە بۆ دەڤەرەکە و ئاوارەکانیش دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونکە ئاوارەکان لەبەر نەبوونی تەناهی و خزمەتگوزاری ناتوانن بگەڕێنەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕۆژانە هەندێک ئاوارە دەگەڕنەوە بۆ شنگال، بەڵام ژمارەیان کەمە و هێشتا گەلێک ئاوارەی شنگال لەناو کەمپەکاندا ماون و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، بۆێە ئێمە چاوەڕێین هەتا گرووپە چەکدارەکان شنگال چۆڵ بکەن و پرۆسەی ئاوەدانی و تەناهیی ناوچەکەش دەست پێ بکات".
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، پێویستە هەموو هێز و گرووپە چەکدارە نایاساییەکان کە لە سنوورەکەن، شنگال چۆڵ بکەن و حکوومەتی عێراقیش پۆلیسی فیدرالی ڕەوانەی شنگال بکات بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکە ئاڵای هەموو گرووپەکانی پەکەکە و حەشدی شەعبی لەناو سەنتەری قەزای شنگال هێندرانە خوارەوە و ئێستاش دوا مۆڵەت دراوەتە پەکەکە و هەموو گرووپە چەکدارەکان کە قەزاکە چۆڵ بکەن.
باسنيوز
