هەڵبژاردنی پێشوەختە لایەنە شیعییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بەرەو هەولێر دەهێنێتەوە
دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای قەرز بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، كه له یهكێك له ماددهكاندا دژایهتیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان كرا، ئێستا لایەنە شیعییە دەسەڵاتدارەکان به هۆی پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە، لێدوان و قسەکانیان لە میدیا عێراقییەکان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نەرم کردووەتەوە و بەنیازن بۆ گفتوگۆی پێش هەڵبژاردن ڕوو لە هەولێر بکەنەوە، لەو چوارچێوەیەدا ڕەوتی حیکمە لە زاری پەرلەمانتارەکانیەوە ئاشکرای کردووە کە چاویان لە هاوپەیمانیەتییەکە پێش هەڵبژاردن لە شیعە و سوننە و کورد پێکهاتبێت، بۆ ئەوەش گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان دەست پێدەکەن.
چاودێری سیاسی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، د. کەیوان ئازاد، رای گەیاند، بەدرێژایی مێژووی خاکی عێراق بە گشتی و مێژووی عێراق لە سەد ساڵی ڕابردوو بە تایبەتی، ئەوە سەلمێنراوە، کە هەمیشە دەسەڵاتدارانی عێراق لە کاتی کێشە و لاوازیی خۆیان و دەوڵەتەکەیاندا بۆ لای کورد و سەرکردایەتییەکەی گەڕاونەتەوە. بە پێچەوانەوە لە کاتی هێز و ئارامی و سەقامگیریی وڵاتەکەیان، بە زمانی هەڕەشە وتۆقاندن و ئاگر و ئاسن لە کورد و بزووتنەوەکەیان داوە.
گوتیشی: بە تێڕوانینی من و ئەو ئەزموونەی بۆ مێژوو هەمە، دەبێت سەرکردایەتیی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم دۆخەدا باوەش بۆ هیچ هێزێکی شیعە و سوننەی عێراقی نەکاتەوە و هەولێر نەكرێته چەقی چارەسەری کێشەکانی عێراق، چونکە دواجار ئەوەی زیانی تێدا دەکات تەنیا کورد و باشووری کوردستان و حکوومەتەکەیەتی. "دیارە کردنەوەی دەرگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕووی بەرپرسانی شیعە و سوننە و تورکمانەکانی عێراقی، تا لەو پایتەختەوە چارەسەری کێشەکانیان بکەن و کورد له حكوومهتی عێراقدا بهشداری پێ بكهن، کاتییە و تەنیا بۆ ئەوەندە کوردیان دەوێت، تا جێپێی خۆیان لە بەغدا قایم بکەن. دواتر یەکەم هێز ڕووبەڕووی دەبنەوەو لێی دەدەن کوردە".
باسنیوز
