له ههریر پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی 13 ساڵان دەکات
بەپێی زانیارییەکان شەوی رابردوو پیاوێکی تەمەن 40 ساڵان لە ناحیهی هەریر کە خاوەنی سێ ژنە، کچێکی تەمەن 13 ساڵانی گواستووەتەوە و هەندێکیش ئاماژە بەوەدەکەن کە کچەکە تەمەنی 16 ساڵانە.
لەمبارەیەوەش بەهار مونزیر، لە رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە (کوردستان24)ی راگەیاندووە: "ئەو کچە تەمەنی تەنیا 13 ساڵە، لە هەریر دراوە بە پیاوێک، کە خزمی باوکییەتی و تەمەنی پیاوەکە 40 ساڵە، ئەو پیاوە ژنی دیکە و منداڵیشی هەن".
ئەوەشی خستووەتە روو، "ئەو کچە یەکێکە لە منداڵترینەکان كه بیستبێتم بەشوودرابێت و هاوسەرگیرییەکەی لەبری قەرز بووە! باوکی کچەکە پێنج ملیۆن دینار قەرزاری ئەو پیاوە بووە، کە شەوی رابردوو هاوسەرگیریی لەگەڵ کچەکەی کرد!".
بەپێی یاسا هاوسەرگیریی منداڵان لە هەرێمی کوردستان قەدەغەیە، هەرکەسێک هاوسەرگیری بکات، دەبێت تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتر بێت، بەڵام زۆرجار ئەوانەی تەمەنیان بچووکە، دوور لە داگا پەنادەبەنە بەر پیاوانی ئایینی مارەیان دەبڕن.
ئەمە لەکاتێکدا لە چەند رۆژی رابردوو هاوسەرگیری پیاوێکی ئێزدی لەگەڵ کچێکی تەمەن 14 ساڵ، بەهۆی جیاوازیی زۆری تەمەنیان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دواتر هاوسەرگیرییەکەیان هەڵوەشایەوە.
باسنیوز
