وەزارەتی کارەبا: لە ئایندەیەکی نزیکدا پێوەری زیرەکی کارەبا کارا دەکەین

وەزارەتی کارەبا: لە ئایندەیەکی نزیکدا پێوەری زیرەکی کارەبا کارا دەکەین
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند تا ئێستا٤٠٠ ھەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە و لە ئایندەیەکی نزیکشیدا پێوەرە بەستراوەکان کارا دەکەن.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕايگەیاند: "تیمەکانمان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبان بۆ ھاوبەشانی کارەبا و تا ئێستا ٤٠٠ ھەزار پێوەر بەستراوە و بڕیارە دوای ئەوەش لە شارۆچکە و شارەدێ و ناوچەکانی دیکەش کارەکە درێژە پێ بدەین".

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "ئێستا سەرقاڵی بەستنەوەی پێوەرە بەستراوەکانین بە ناوەندێکی سەرەکی لە وەزارەتی کارەبا کە کاری کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنی پێوەرە زیرەکەکان دەکات کە دوای ئەوە پێوەرەکان دەخرێنە کار بۆ خوێندنەوەی کارەبای بەکارھێندراو لەلایەن ھاووڵاتییانەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕوونیشی کردەوە: "لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا ھەیە و بڕیارە لە ماوەیەکی دیاریکراودا پێوەرەکە بۆ ھەموویان ببەسترێت کە بە سستەمێکی ڕێکخراو و ورد کار دەکات و بەھۆیەوە کاری دابەشکردنی کارەبا و بەفێڕۆچوونی ڕێک دەخرێتەوە و بڕە کارەبایەکی باشتر و زۆرتر بە ھاووڵاتییان درێت".














باسنيوز


Top