جێگری پارێزگاری نەینەوا: دەست بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی شنگال کراوە
لەمبارەوە ڕەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا، بۆ کاروباری ئیدارەی ڕاگەیاند: "بەپێی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە هەموو دامودەزگاکانی سنووری قەزای شنگال ڕادەستی پۆلیسی فیدرالی دەکرێن و ئێستاش پۆلیسی فیدرال دەستی بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کردووە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دەسپێکی ئەم پرۆسەیەدا هەوڵ دەدرێت ئاسایش و تەناهی دابین بکرێت کە ئەویش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی پۆلیس لە شوێن و دەڤەرێکی شنگال کە ئێستا سوپای عێراقیش خەریکە لە سنووری شنگال دەکشێتەوە، پێویستە هاوکات گرووپەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکەش پابەندی ڕێککەوتنەکە ببن و لە شنگالدا نەمێنن و دەبێ لانیکەم پێنج کیلۆمەتر لە سنووری قەزای شانگالەوە دوور بن".
ڕەفعەت سمۆ ئاماژەی بەوەش کرد: "لە ماوەیەکی نزیکدا بەپێی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، دەست دەکرێت بە دانانی ئیدارەیەکی نوێ لە شنگال دادەنرێت و بەڕێوەبەری ناحییەکانیش دەگۆڕدرێن و هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێن".
باسنيوز
