ماڵی ئێزدییان و بەشێک لە بارەگاکانی یەبەشە ئامادەنین ئاڵاکانیان دابگرن

ماڵی ئێزدییان و بەشێک لە بارەگاکانی یەبەشە ئامادەنین ئاڵاکانیان دابگرن
بە پێی رێککەوتنی شنگال لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت تەنیا ئاڵای عیراق لەسەر بارەگا و دامودەزگا فەرمییەکان هەڵبکرێت و ئاڵاکانی دیکە دادەگیرێن. بەشێک لەو شوێنانەی ئاڵایان هەڵکردبوو هێننایانە خوارەوە. بەڵام هێزی پاراستنی ئێزیدخان پێش لە هەر هێزێکی دیکە ئاڵایان هێنایە خوارەوە.

داوود حاجی، فەرماندە لە هێزی پاراستنی ئێزیدخان راگەیاند: "ئێمە بەو جۆرەی لە رێککەوتنەکەدا هاتبوو دوای هاتنی پۆلیسی فیدرالی بۆ ناوچەکە، ئاڵای هێزی پاراستنی ئێزیدخانمان هێنایە خوارەوە."

شەش ساڵە ماڵی ئێزدی ئاڵاکەیان لە تەنیشت ئاڵای عێراقدا هەڵداوە و ئامادە نین ئاڵاکەیان بێننە خوارەوە.

ئیبراهیم موراد، گوتەبێژی ماڵی ئێزدییە و دەڵێت: "ئێمە هیوادارین ریزمان لێ بگیردرێت. ئێمە وەک ماڵی ئیزدی بەرگریمان لە خاکی ئیزدییەکان کردووە و شەڕمان کردووە. دەبێت ئاڵاکەمان لە تەنیشت ئاڵای عێراقدا هەڵدرابێت."

حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەو بڕیارەدان کە هەموو هێزەکان خۆیان لە ناوەندی شنگال بکشێننەوە و جگە لە ئاڵای عێراق هەموو ئاڵاکانی دیکە دابگیرێن.

خال عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شنگال دەڵێت: "ئەگەر یەک هێز لە ناوەندی شاری شنگالدا بمێنێت و بڕیاری کارگێڕی جێبەجێ بکرێت و یەک ئاڵا لە شنگال بمێنێت، ئێمە وەک حەشد رازیین."

زیاتر لە 10 ئاڵای جۆراوجۆری هێز و لایەنە سیاسییەکان لە شنگال هەن و حەوت هێزیان چەکدارن.
rudaw -
Top