162 پرۆژه‌ له‌بواری كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نرێن

162 پرۆژه‌ له‌بواری كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نرێن

دەستەی وەبەرھێنانی كوردستان بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ، رووپێوێكیان بۆ بەرھەمە كشتوكاڵییەكانی خۆماڵی و بیانی ئەنجامداوە، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنان بە راگەیاند، ھەوڵدەدەن لەڕێگەی پرۆژەكانی وەبەرھێنانەوە ئاستی بەرھەمە خۆماڵییەكان بەرزبكەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش 162 پرۆژەی نوێ لەبواری كشتوكاڵی رادەگەیەنن.

له‌كاتێكدا هينانى بەروبوومی كشتوكالى به‌شيوه‌ى قاچاغ و رێکنەخستی بازاڕ بۆ بەروبوومە ناوخۆییەکان زیانی بە جووتیاران گەیاندووە و وايكردووه‌ لە بازاڕی ناوخۆدا بۆیان ساغ نه‌بێتەوه‌، گۆران ساڵح كه‌ یەکێکە لەو سەدان جووتیارەی له‌ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی زیانی پێگه‌یشتووه‌، ده‌ڵێت: لەبەر هاتنى بەروبوومی قاچاغ لە ئێرانەوە ئەوان وردە وردە مایەپوچ دەبن و بەرھەمەکانیان ساغ نابنه‌وه‌.

بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌ی ساغنه‌كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می جووتياران لە بازاڕدا، دەستەی وەبەرھێنان رووپێویکی له‌سه‌ر بەروبوومی خۆماڵی ئەنجامداوە، به‌ ئامانجی چارەسەركردن و زيادكردنى ده‌رفه‌تی بە بازاڕکردن و دانانى سنووريك بۆ فەوتانی بەرھەمە وەرزییەکانى جووتيارانى كوردستان، له‌و باره‌شه‌وه‌ محه‌مه‌د شوكری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان دەڵێت: ئامانجیان لەم رووپێوه بۆ ئەوەیە بزانن ھەرێمی کوردستان چی پێویستە و پێویستییه‌كان بۆ بەرھەمھێنان چین.

ئەو روپێوە كه‌ لە لایەن دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ کەرتی کشتوکاڵ کراوە، رونیدەکاتەوە، ساڵانە ھەزاران تۆن خۆراك و بەروبوومی سەوزە و میوە ھاوردە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی به‌رهه‌می هاوشێوه‌ لە ناوخۆشدا بەرھەمدەھێنرێن .

تا ئێستا 31 پرۆژەی کشتوکاڵی بە سەرمایەی 835 ملیۆن دۆلار مۆڵەتی پێدراوە و ھەفتەی داھاتوش 162 پڕۆژەی وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە لایه‌ن دەستەی وەبەرھێنانەوە رادەگەیەنێرێن.
k24 -
Top