لە هەولێر دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

لە هەولێر دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر راگەیاند "رووداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب و بارهەڵگرێکدا روویداوە، بەهۆیەوە شۆفێر و سەرنشینێکی پیکابەکە گیانیان لەدەستداوە".

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد "شۆفێری پیکابەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و چووەتە شەقامەکەی بەرامبەری و بەو هۆیەوە خۆی بە بارهەڵگرەکەدا کێشاوە. هەروەها تاکسییەکیش کە هاتووە و لە شوێنی رووداوەکە نزیکبووەتەوە وەرگەڕاوە، بەڵام جگە لە زیانی ماددی زیانی گیانیی بەدواوە نەبووە".

بە گوتەی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، رووداوەکە لەسەر رێگەی هەولێر - کەرکووک روویداوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

فازل حاجی دەڵێت، لە سنووری هاتووچۆی هەولێر بەفر نەباریوە و بەهۆی بارینی بارانیشەوە هیچ کێشەیەکی هاتووچۆ دروستنەبووە، بەڵام رێنمایی شۆفێران دەکەین لەکاتی باران و گۆڕانی کەشوهەوا بە وریایی شۆفێری بکەن، تاوەکو لە رووداوی نەخوازراو بەدووربن.

rudaw -
Top