کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لەبارەی هاوردەکردنی دەرمانەوە دەرکرا

کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ لەبارەی هاوردەکردنی دەرمانەوە دەرکرا
سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری لە کەرتی دەرمان دەرکردووە و لەکۆی زیاتر لە٢٠٠ کۆمپانیای دەرمان ٣٣یان خراونە لیستی رەشەوە و جارێکی دیکە بۆیان نییە دەرمان ھاوردە بکەن.

زانا مەلا خالید سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکار لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "لیژنەکەمان دوای بەدوادوچوون بۆ کێشەی کوالیت و نرخی دەرمان، ژمارەیەک پێشنیازمان دایە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لەو بارەوە کۆمەڵێک بڕیار دراوە".

لەبارەی بڕیارەکانەوە گوتی: "یەک لە بڕیارەکان ئەوەیە بۆ لەمەودوا ھیچ دەرمانێک رێگەپێدراو نییە بێتە هەرێمی کوردستانەوە کە ژمارەیەک بڕوانامەی نێودەوڵەتی نەبێت، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە ھێنانی دەرمانی ساختە و کوالیتی نزم".

لەبارەی ھەڵگرتنی دەرمان لەناو کۆگاکان زانا مەلا خالید ڕای گەیاند: "بڕیاری ئەوە دراوە لەمەودوا دەرمان تا کاتی پشکنین لە کۆگای نیشتمانی دەرمان ھەڵبگیرێت تا پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی کرێی ھەڵگرتنەکەی لەسەر نرخی دەرمانەکە نەکەوێت و لەمەودواش رێگە بە ھێچ کۆمپانیایەکی دەرمان نادرێت پزیشکان ئیفادە بکات بۆ دەرەوەی ھەریمی بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان چونکە زۆر جار پارەی ئەم گەشتانە دەخرێتە سەر لیست و نرخی دەرمان".

لەبارەی پشکنینی دەرمانەکان لە کوالیتی کۆنترۆڵ، سەرۆکی لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ و مافی بەکاربەر گوتی: "بڕیار دراوە بۆ لەمەودوا ئەو مادەیەی بۆ پشکنینی دەرمانەکە بەکار دێت، لەلایەن کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمانەوە دابین بکرێت کە پێشتر لەلایەن خودی کۆمپانیاکانی دەرمانەوە ھاوردە دەکرا".

سەبارەت بە بوونی کۆمپانیاکان ئاماژەی بەوەش کرد: "لە کۆی زیاتر لە٢٠٠ کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمان،٣٣ کۆمپانیایان خراونەتە لیستی رەشەوە و جارێکی دیکە بۆیان نییە دەرمان ھاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن"











باسنیوز




Top