گوتەبێژی حكوومەت: بەغدا 320 ملیارەكە نەنێرێت جێگرەوەی دیكەمان دەبێت

گوتەبێژی حكوومەت: بەغدا 320 ملیارەكە نەنێرێت جێگرەوەی دیكەمان دەبێت


گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت كە ئەگەر 320 ملیارەكە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە نەنێردرێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێگرەوەی دەبێت.

جووتیار عادل، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەوان سەرەتا چاوەڕوانی وەڵامی حكوومەتی عێراق دەكەن لەبارەی ڕەوانەكردنی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵام “ئەگەر بەغدا 320 ملیارەكە نەنێرێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بژارە و جێگرەوەی دیكەی دەبێت”.

لە لێدوانەكەیدا بۆ (كوردستان24)، گوتەبێژی حكوومەت باسی لە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كردووە و رای گەیاندووە: “پرسی دابه‌شكردنی مووچه‌ له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكوومەتە، وەك دەزاندرێت حكوومەت درێخی نەكردووە بۆ دابینكردنی مووچە و درێخیش ناكات، لە ماوەی رابردوودا قەرزی كردووە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، ئێستاش ئامادەیە رێكاری یاسایی و گونجاو بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دابەش بكات".

جەختیشی كردۆتەوە: “لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا كردووە، ھەروەھا بە نووسراو ئاماژە بەو بابەتە دەكرێت، تەئكیدیش لەوە دەكەینەوە ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندییەكی بە یاسای پڕكردنەوەی بودجەی عێراقەوە نییە، بەڵكو ئەمە شایستەی خەڵكی ھەرێمی كوردستانە".




باسنيوز
Top