دەستەی وەبەرھێنان داواکارییەک ئاراستەی فەرمانگە و وەزارەتەکان دەکات

دەستەی وەبەرھێنان داواکارییەک ئاراستەی فەرمانگە و وەزارەتەکان دەکات
بەڕێوەبەری کارگێڕی و یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژە داواکارییەکیان ئاراستەی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

موخلیش سەلیم، بەڕێوەبەری کارگێڕی و یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان ڕاگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە ھەزار و ٥٥ پڕۆژەمان دیاری کردووە کە وەبەرھێنەران لە بوارە جیاجیاکاندا جێبەجێی بکەن کە ئێستا بۆ زۆرێکیان داوکاری پێشکەش کراوە".

گوتیشی: "ساڵانی پێشوو وەبەرھێن خۆی پڕۆژەی دیاری دەکرد و مۆڵەتی پێ دەدرا، بەڵام ئەمساڵ جیایە و ئێمە بەپێی پێویستی پڕۆژەمان دیاری کردووە کە وەبەرھێن دێت پڕۆژەیەک ھەڵدەبژێرێت و داواکاری پێشکەش دەکات و دوای کاری پێویست و بەپێی چەند مەرج و ڕێنوێنییەک مۆڵەتی پێ دەدرێت".

موخلیش سەلیم باسی لەوەش کرد: "داواکارییان ئاراستەی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی پێویستی و ویستی پڕۆژەی خۆیان کە بە شێوەی وەبەرھێنان جێبەجێ بکرێت، دیاری بکەن و بۆیان بنێرن بۆ ئەوەی بیخەنە ناو لیست و پلانی پڕۆژەکانی ساڵی داھاتوو و ھەرکات وەبەرھێن داوای جێبەجێکردنی کرد، پڕۆژەک جێبەجێی بکات، بەوەش کێشە و گیروگرفتەکان زووتر چارەسەر دەبن و گەشەکردن و بووژانەوەی کەرتی ئابووریش ھەنگاوی خێراتر دەنێت".



باسنيوز
Top