لەساڵرۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ھەڵمەتی ١٦ رۆژەی بە چالاکییەک دەستپێکرد

لەساڵرۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان  یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ھەڵمەتی ١٦ رۆژەی بە چالاکییەک دەستپێکرد

ڕێکەوتی ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ مەکتەبی سکرتارییەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی دەستپێکی چالاکییەکانی بۆ ھەڵمەتی نیشتمانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لەناو سەنتەری شاری ھەولێر ڕاستەوخۆ پەیام و دەنگی ئافرەتانی کوردستانی گەیاندە ھاونیشتیمانیان و ئەوانیش بە پەرۆشەوە گوێ بیستی ئەو ئازارانە بوون، کە ئافرەتان لەژێر ناوی پاراستنی شەرەف و نامووسەوە دەیچێژن، وێنەی ئەو ئافرەتانە نمایشکران کە بوونەتە قوربانی دەستی کەسوکار و کەسە نزیکەکانی خۆیان، پەیامی یەکێنی ئافرەتانی کوردستان ئەوە بوو کە نابێت چیتر ئافرەت بێتە قوربانی کلتورێک کە خەریکە ژنکوژی بکاتە نەریتێک، دواتر ئامادەبوان لەسەر تابلۆ ئەو وشە بە نرخانەیان نووسی کە پێویستە ھەموومان بیکەینە دیسپلینێک بۆ پاراستنی جوانییەکانی ژیان ھەتا پێکەوە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەدا بەرقەرار بێت.

لەساڵڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافۆەتان، د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:
توندوتیژی دژ بە ئافرەتان وەک پرسێکی مرۆڤایەتی – کۆمەڵایەتی سیاسی لە ھەرسەردەمێکدا بە فۆڕمێکی نوێ خۆی مانیفێست دەکات، ساڵانە ئەو ئامار و داتایانەی لەسەر ئاستی جیھان بڵاودەبنەوە ھۆکارێکن بۆ ھەڵوەستەکردنێکی جدی تر لەسەر ئەم پرسە ھەمەلایەنە. توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان پانتاییەکی گەورەی لە پرسی ئافرەت بەخۆیەوە گرتووە و ساڵانە لەسەر ئاستی جیھان بە میکانیزم و شێوازی تایبەت ھەوڵی کاڵکردنەوەی دەدرێت.
کێشەی توندوتیژی لە پرسی ئافرەتدا لە دیدی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لێکەوتەی دوو ڕەھەندە:
یەکەمیان: پێگە و ڕۆڵی ئافرەت وەک تاکێکی مرۆڤ لە ئۆرگانە بچووک و گەورەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی. دووەمیان: ئەو بەربەست و ڕێگرییانەی کە لەژێر ناو و مۆرکی جیاواز دەبنە بەربەستی ڕێگاکەی و کێشەکانی توندوتیژی لە ئەنجامی ئەم بەریەک کەوتنەوە دروست دەبن.
تەواوی ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە زۆرترین ڕێژەی توندوتیژی لەچوارچێوەی خێزان و بەتایبەتی تر لەناو پەیوەندی ھاوسەران و دواتر پەیوەندییە خێزانیەکانی تردان. بۆیە وەک یەکێتی ئافرەتانی کوردستان تەرکیزی سەرەکیمان لەم ڕوانگەیەوە، سەرلەنوێ پێناسەی خێزان و پەیوەندییەکانی خێزانی و ئەرک و بەرپرسیارێتی و مافی ئەندامانی خێزان دەبێت. خێزان لەدیدی یەکێتی ئافرەتان گرنگترین کۆڵەکەی کۆمەڵگایە.‌ خێزان بنکەیەکە بۆ پێگەیشتووی تاک، پەناگەیەک بۆ ئارامی و ئامێزێکە بۆ خۆشەویستی ئەندامانی. بەم شێوەیە و لەسەر ئەم دیدەیە دەبێ سەرلەنوێ پەیوەندییە خێزانیەکان پێناسە بکرێن و جێگا بە توندوتیژی بگرن. ھزرو نەریتی چەوت و ناھاوسەنگەکانی ڕوانگەی پیاوسالاری کە شەرعییەت لەھزری سیستەمی حوکمدار- و حوکم لێکراو- خاوەندارێتی – موڵک بوون وەردەگرن ئیتر ناتوانن بەرامبەر ھزر و نەریتی ھاوسەنگی مرۆڤسالاری کە سەرچاوە لە بنەما و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ وەردەگرن، رابوەستن و بەکۆتایی دێن.
ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو، جیھان بەگشتی و کۆمەڵگەی کوردی بەتایبەتی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینە کردنەوە بە ئەزمونێکی نوێی پێکەوەبوون و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیدا تێپەڕی و وێنایەکی نوێی لە بەریەکەوتنی ئەندامانی خێزانی بۆ خستینەڕوو، کە دەبێتە ڕێ نیشاندەری ھەنگاوەکانی داھاتوومان لە تێکۆشانمان بۆ پاراستنی خێزان و دەستەبەرکردنی پێگە و مافی ئافرەت لەم چوارچێوەیە لە ھاوکێشەیەکی ھاوسەنگانە لەگەڵ ئەندامانی تر.
تێدەکۆشین ساڵانی ئاییندە کاڵبوونەوەی رێژەی توندوتیژی لە سیما ھەرە دیارەکان بێت، و خێزانی کوردستانی لە ھەموو توندوتیژییەک بەدوور بێ و پڕ لە ئامێزی خۆشەویستی، ئارامی و ھاوبەشی و ھاوسەنگی لەنێوان ئەندامانی بێت.
لەڕوویەکی ترەوە ھەموو بەرنامە و ھێزمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەتایبەت حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەوەدا چڕ دەکەینەوە کە بەشیاندنی پیشەیی و ھزری و مەعریفی ئافرەتانی کوردستان، بەشدارییەکی ھاوسەنگانە و کارا لە تەواوی جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگە ھاوشێوەی پیاو مسۆگەر بێت و ھیچ بوارێک لەسەر بنەمای ژنبوون بۆ ئافرەت قەدەغە و شەرم نەبێت. ئافرەت لەبازاڕی کار و تەواوی شوێنە گشتییەکان ئامادەیی و ڕۆڵی کارای خۆی ھەبێت.
سڵاو لە رۆحی پاکی ئافرەتانی ئازادیخواز و ڕچەشکێن
سڵاو لە ئازادیخواز و ڕچەشکێنانی ئەمڕۆ
بەرز و شکۆداربێت مرۆڤسالاری

Top