توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: ئەمساڵ لە کەرکووک هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمار كراوە

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: ئەمساڵ لە کەرکووک هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمار كراوە
توێژەرێکی کۆمەڵەیەتی ڕای گەیاند لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠وە تا ئەمڕۆ كە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەدژی ژنانە لە كەركووك هەزار حاڵەتی توندوتیژیی جۆراوجۆر لەدژی ژنان لای رێكخراوێكی تایبەت بە مافەكانی ئافرەتان لە شارەكە تۆمار كراون.

لەمبارەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی١١ی٢٠٢٠شۆخان محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵەی هیوا بۆ مافەكانی ئافرەتان لە شاری كەركووك، ڕایگەیاند: "ئێمە چەند بنكەیەكی كۆمەڵەكەمان لەناو كەركوك هەیە و كار دەكەین بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام بەداخەوە لە شاری كەركووك ساڵ لە دوای ساڵ و تەنانەت مانگ لە دوای مانگیش توندوتیژی دژی ژنان زۆر زیاد دەكات، بە شێوەیەك لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لە كەركووك لای ئێمە تۆمار كراوە و ئەو ئامارەش زۆرە".

لەبارەی وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئاخۆ ئەمڕۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هیچ چالاكییەكتان لە كەركووك هەبووە، شۆخان محەمەد، گوتی: "بەڵێ ئەمڕۆ لەسەر قەڵای كەركووك چالاكییەكمان بۆ ئەو مەبەستە بەڕیوە برد كە پیشاندانی شانۆگەرییەك، هەروەها پێڵاوی ئەو ئافرەتانەمان نمایش كرد كە كوژراون، یان لە شارەكە خۆیان کوشتووە".














باسنیوز


Top