هەفتەی داهاتوو لە کەرکووک دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیاندا دەكرێتەوە

هەفتەی داهاتوو لە کەرکووک دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیاندا دەكرێتەوە
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە پارێزگای کەرکووک بە ڕەچاوکردنی رێنوێنییە تەندروستییەكان، دەرگای قوتابخانەكان بۆ خوێندنی ساڵی 2020-2021 بەڕووی قوتابیاندا بکرێتەوە.

لەمبارەوە شێرزاد رەشید كاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركووك ڕایگەیاند: "كارگێڕیی هەموو قوتابخانەكانی خوێندنی كوردی و باخچەكانی منداڵان ئاگادار كراونەتەوە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو ٢٩ی١١ی٢٠٢٠ دەست پێ بكاتەوە، هاوکات بڕیارە هەموو ڕێنماییەكانی وەک چۆنیەتیی دەوامكردنی قوتابیان و خوێندكاران و ژمارەی قوتابی و خوێندكار بۆ هەر پۆلێك و چۆنیەتیی ڕێكخستنی خشتەی وانەكانی هەفتە لە قوتابخانەكان و باخچەكانی منداڵان بڵاو بكرێـنەوە رێك بخرێن".

بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە کەرکووک گوتیشی: "پێویسە هەموو دەستەی كارگێڕیی قوتابخانەكان و باخچەی ساوایان پابەندی ڕێنوێنییەكان بن و وەكوو خۆی جێبەجێیان بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بە خۆپارێزییەوە ئەم ساڵی خوێندنە بەبێ دروستبوونی هیچ كێشەیەك بەڕێ بكەین".

شێرزاد رەشید كاکە گوتیشی: "بە هیوای ئەوەین كە ساڵێكی پڕ لە خێر و خۆشی و سەركەوتوو بێت بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بە زمانی كوردی و سەركەوتنی قوتابی و خوێندكارە خۆشەویستەكانمان بەردەوام بێت و هەروەك چۆن ساڵانی پێشوو لە سەر ئاستی عێراق لە ڕیزبەندی پێشەوەی خوێندندا بین".












باسنیوز



Top