لە سلێمانی پیاوێک بە چەقۆ هاوسەرەکەی و خەسووی بریندار کرد

لە سلێمانی پیاوێک بە چەقۆ هاوسەرەکەی و خەسووی بریندار کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، پۆلیسی سلێمانی پیاوێکیان بە تۆمەت بریندارکردنی هاوسەری خۆی و خەسووی دەستگیر كردووە.

نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:" ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی١١ی٢٠٢٠ لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە پیاوێك دەستگیر كراوە كە شەوی ڕابردوو لە ناحیەی تاسڵووجەی سلێمانی بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەر ماڵی خەزووری و هاوسەرەكەی و خەسووی بریندار كردووە."

گوتیشی: "هۆكاری ڕووداوەكە بۆ كێشەی خێزانی دەگەڕێتەوە و پۆلیس لەمبارەوە سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە."

نەقیب سەركەوت ئەحمەد راشی گەیاند: "دایك و كچەكە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشكدان و دۆخی تەندروستیشیان جێگیرە."

ئەو ڕووداوە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتانە.













باسنیوز





Top