هەفتەی داهاتوو بڕە پارەیەکی گهنمی ئهمساڵی جووتیاران خەرج دەکرێت
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕای گەیاند لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردنی بڕە پارەیەکی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەولێر دەكرێت.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕاگەیاند: "لەم هەفتەیەدا بڕی ملیارێک و 500 ملیۆن دیناری شایستە داراییەكانی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەولێر دەنێردرێت و ئێمەش هەفتەی داهاتوو دابەشی دەکەین".
ئاماژەی بەوەش دا: "لەبەر کەمیی بڕەکەی ئەوان بەوە ڕازی نەبوون ئەو بڕە پارەیە وەربگرن، بەڵام لەبەر پێویستیی جووتیاران ڕازی بوون و بڕیار بوو ئەو پارەیە وەرنەگرین، چونکە زۆر کەمە، داوای هەموو پارەکەمان کردبوو کە 47 ملیار دینارە، لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین کە هەموو پارەکە بنێرن، بەتایبەت دوای پەسندکردنی یاسای قەرز ئێستا پارەیان هەیە و دەبێ خەرجی بکەن".
هێمن سەید موراد جەختیشی کردەوە: "جووتیاران لە ناوی ئەو بانکانە ئاگادار دەکەنەوە کە پارەکەی تێدا دابەش دەکرێت و پێشتر له قۆناغی یەکەمی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەولێر دوو ملیار دینار خەرج كراوە و دواتر بڕی ههشت ملیار و 85 ملیۆن دینار وەكوو قۆناغی دووەمی شایستە داراییەكانی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەولێر ڕۆژی 27/9/2020 خەرج کرا".
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر باسی لهوهش كرد: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر گرنگیی زۆر بە بابەتی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران دەدەن و هەموو هەوڵێکیان داوە جووتیاران مافی خۆیان پێ بدرێت".
حكوومەتی عێراق بڕیاری دا لەكۆی یەك ملیۆن تۆنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ، تەنیا 390 هەزار تۆن وەربگرێت و پارەکەش بە چەند قۆناغێک بدات.
باسنيووز
