ژنەکەی کەلار بە بەرچاوی منداڵە بچووکەکەیەوە خنکێندراوە
منداڵی بچووکی ژنەکە بینیویەتی خاڵەکانی دەست دەخەنە سەر دەمی دایکی تا دەخنکێت و، زۆر ترساوە، خاڵەکانی دووریان خستووەتەوە، بەڵام زۆر گریاوە و هەر ژیر نەبووەتەوە.
هەروەها پۆلیس چوار کەسی بە تۆمەتی کوشتنی ئەو ژنە دەستگیر کردووە. لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەکەن و، ژنەکە ساڵێک بەر لە ئێستا لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە کەلار لەلایەن هاوژینەکەیەوە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە بە تۆمەتی خیانەتی هاوسەرگیری.
رائید فریاد هیدایەت، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژیی گەرمیان راگەیاند، "بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە لەلایەن مێردەکەیەوە بە خیانەتی هاوسەرێتی سکاڵای لێکراوە. لەلای ئێمە دۆسیەیان بۆ کرایەوە و بە بڕیاری دادگا بە کەفالەت ئازاد کرا و دواجار خرایە شێڵتەر. نزیکەی 50 رۆژ لەوێ مایەوە. کە لە شێڵتەر دەرکرا، جارێکی تر لەلایەن دادگاوە بۆ ماوەی مانگێک بەندکرا. لەدوای بەندکردنەکەی دیسانەوە دادوەر بە کەفالەت ئازادی کرد و بەڵێنی لە کەسوکاری وەرگرت کە ژیانی پارێزراو بێت. نزیکەی ساڵێک و هەشت مانگە لە ماڵەوەیە تا ئەو رووداوە رووی دا."
رائید فریاد هیدایەت ئاماژەی بەوە دا، دۆسیەکەی لەلای ئەوان نەماوە و بۆ دادگای تایبەتمەند رەوانە کراوە و دەبوو لەم رۆژانەدا لە دادگای کەتن دادگایی بکرایە.
سێ لە گیراوەکان کە برای ژنەکەن دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە، بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی لەلای پۆلیس دەستبەسەرن.
موقەدەم عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راگەیاند، "دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان لەگەڵ دادوەری لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون. هێڵکاریمان بۆ رووداوەکە کرد و بەڵگەکانمان کۆکردەوە. تەرمەکەمان رەوانەی پزیشکی دادوەریی کەلار کرد و توانیمان لە ماوەی دوو سەعاتدا بگەینە ئەنجام و سەرجەم تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەین کە سیانیان برای کوژراوەکەن و یەکێکیشیان پەیوەندیی بە دۆسیەکەوە هەیە."
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حوکەمەتی هەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە لێکۆڵینەوەی وەرد لە رووداوەکە بکەن.
ژنەکە لە دایکبووی 1994ە، لە تەمەنی 20 ساڵیدا ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە و سێ منداڵی هەیە و لە ساڵی 2019وە دۆسیەی جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی لە دادگایە.
رۆبێرت وۆڵەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "دڵتەنگ بووم بە خوێندنەوەى هەواڵێکی تۆقێنەر لەبارەی کوشتنی ژنێک لە کەلار. دەبێت بڵێین نەخێر بۆ تووندوتیژیی رەگەزایەتی. ئەم جۆرە کوشتنانە ھیچ شتێک لە خۆناگرێت جگە لە شەرمەزارکردن، نابێت کاری لەم جۆرە قبوڵکراو بێت لە ھەرێمی کوردستان".
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، لە 10 مانگی ئەمساڵدا 543 سکاڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ئافرەتان تۆمارکراون، 237 سکاڵایان پیاوان لە ژنانیان کردووە و لەو ژمارەیە 11یان لەسەر ناپاکیی هاوژینی بووە.
rudaw -
