مالیکی: کێشەی ستراتیجیمان لەگەڵ بەرەی ئەمریکی - ئیسرائیلی - سعودی- تورکی هەیە

مالیکی: کێشەی ستراتیجیمان لەگەڵ بەرەی ئەمریکی - ئیسرائیلی - سعودی- تورکی هەیە
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق کێشەی ستراتیجی لەگەڵ بەرەی ئەمریکا - ئیسرائیل - سعودیە- تورکیا هەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2020، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، لە وتارێکدا، کە لە رۆژنامەی (سەباح)ی فەرمیی وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، راگەیاندووە، کێشەی عێراق لەگەڵ ئێران کێشەیەکی تەکتیکییە و پەیوەندیی بە پاراستنی سنوورەکانی ئێرانەوە هەیە.

نوری مالیکی هەروەها رایگەیاندووە، دوای بوونی بە سەرۆکی حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2006، سێ داواکاریی ئەمریکای رەت کردەوە، کە بریتی بوون لە؛

- بەشداریکردنی عێراق لە هەوڵەکانی رووخاندنی رژێمی سووریا

- پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران

- نەکڕینی چەک لە رووسیا

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێیوایە عێراق بووەتە بەشێک لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەئەمریکا و ئیسرائیل لایەکی ئەو ململانێیانە پێک دەهێنن، تورکیاشن خەون بە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی عوسمانی دەبینێت و سعودیەش هەوڵ دەدات خۆی وەک تاکە هێزی سەرەکیی ناوچەکە بسەلمێنێت.

نوری مالیکی، کە دوو خوڵ لە 2006 - 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی کێشەیەکی ستراتیجی لەگەڵ بەرەی ئەمریکا- ئیسرائیل - سعودیە هەیە، کە ئەو بەرەیە هەوڵ دەدات سەروەریی عێراق بن پێ بخات.

مالیکی پێیوایە داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لە دوا ساڵی حوکمڕانیی ئەو لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعش و رێگا نەدان بە قوەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ خولی سێیەم، بەشێک بوون لەو پیلانگێڕییانەی ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا و سعودیە دژی ئەو گێڕایان، چونکە حکوومەتەکەی ئەو ”سەروەریی بۆ عێراق گەڕاندەوە و لەژێر هەژموونی ئەو دەوڵەتانە دەرچوو“.













باسنيوز


Top