شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی پەروێزخان لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان گرد بوونەوە

 شۆفێرانی بارهەڵگری مەرزی پەروێزخان لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان گرد بوونەوە
ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر چەند گیروگرفتێکی تایبەت بە شۆفێران لە مەرزی پەروێزخان، شۆفێرانی بارهەڵگری سنوورەکە لەبەردەم ئیدارەی گەرمیان لە قەزای كەلار گرد بوونەوە.

محەمەد حەمەئەمین كەلاری، نوێنەری شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان، رايگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 23/11/2020، وەك شۆفێرانی بارهەڵگر لە مەرزی پەروێزخان مانمان لە كاركردن گرتووە و بەمەبەستی ڕێکخستنی گردبوونەوە و خۆپیشاندان هاتووینەتە بەردەم ئیدارەی گەرمیان."

گوتیشی: "چەند داواكارییەكمان هەیە و پێویستە ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی ئێرانی لە سنووری پەروێزخان بۆمانی چارەسەر بكەن لەوانە، نەبوونی گۆڕەپانی تایبەت بە وەستانی ئۆتۆمبێل لە دیوی ئیران، زۆر گرفتی بۆ شۆفێران دروست كردووە و نازانین بارهەڵگرەكانمان لەكوێ بوەستێنن، هەروەها لە ئێران گازفرۆشان بە زۆر گاز بە شۆفێرانمان دەفرۆشن و قسەكردن لەگەڵ گازفرۆشانیش سوودی نییە و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بێدەنگن."

نوێنەی شۆفێرانی مەرزی پەروێزخان راشی گەیاند: "لەدیوی هەرێمی كوردستان، گرفتەكانمان زۆر نین، بەڵام پێویستیان بە چارسەرە لەوانە لەكاتی چوونمان بۆ ئێران و هاتنەوەمان پارەی پاكژكردنەوەمان لێ وەردەگیرێت لەلایەن كۆمپانیاوە، بەدەر لەوە بەشێك لە گواستنەوەی گەرمیان هاتووەتە مەرزەكە و لە بەرامبەر ئۆتۆمبێل كڕین و گۆڕینی شۆفێراندا پارەیان دەوێت."












باسنيوز



Top