کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کەمدەکرێتەوە

کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کەمدەکرێتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 بە رێژەی 10٪ بۆ 20٪ کەمکردەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە داوە، رێژەی کەمکردنەوەکە بەپێی دوایین ئەنجامەکانی ریزبەندیی نیشتمانیی زانکۆکانی کوردستان بووە.

رۆژی یەکشەممە 2020/11/22 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرپەرشتیی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئۆنلاین سازکرا.

د. ئارام محەممەد قادر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، "هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەتدا گوزەر دەکات، بە شێوەیەک پێویستە هەمووان رەچاوى بار و گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ هەمووان دەستەبەر بکەین."

بەپێى دوایین ئەنجامەکانى ریزبەندیى نیشتیمانىی زانکۆکانى کوردستان کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییەوە راگەیێندراوە، بەم شێوەى خوارەوە:

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى B، بە رێژەى 10% کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى C، بە رێژەى 15% کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گرووپى D، بە رێژەى 20% کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە.
- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بە رێژەى 20% کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

rudaw -
Top