ساڵێک و چوار مانگە 171 رووفاتی ئەنفالکراوی گەرمیان دۆزراونەتەوە و نەگەڕێندراونەتەوە

ساڵێک و چوار مانگە 171 رووفاتی ئەنفالکراوی گەرمیان دۆزراونەتەوە و نەگەڕێندراونەتەوە


زیاتر لە ساڵێک و چوار مانگ بەسەر دۆزینەوەی 171 رووفاتی ئەنفالکراوی گەرمیانی تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا نەهێنراونەتەوە زێدی خۆیان.

‎بەختیار تەمەنی چوار مانگ بووە باوکی ئەنفاڵ کراوە، ئێستا تەمەنی 32 ساڵە و دەیەوێت ئەو رووفاتانەی لە بەغدا گەڕاونەتەوە نازناوی گۆڕە بێ ناونیشانەکانیان بەبەردا نەکرێت.

‎بەختیار رەئوف، بەجێماوی ئەنفال دەڵێت، "نازانین ئەو رووفاتانە هی کێن و کەسوکاری کێمانە، رەنگە باوکی ئێمەی تێدابێت و رەنگە تێشیدا نەبێت."

‎ساڵی 2005 یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانی ناحیەی موسەیبی سەر بە پارێزگای بابل هەڵدرایەوە ، 513 رووفاتی ئەنفالکراوانی تێدابوو 167 رووفاتیان لە گوندی دێبنە لە ئیدارەی گەرمیان بە خاک سپێردران، بێئەوەی کەس بزانێت کێن و خەڵکی کام ناوچەی گەرمیان تەنیا بە جلوبەرگەکەیان ناسرانەوە کە گەرمیانین.

‎شێرزاد خورشید، تاقانەی ئەنفال دەڵێت، "تاوەکو ئێستا نازانین ئەو رووفاتانەی هێنراونەتەوە هی کێن، من یەکێکم لەوانەی کە حەزدەکەم گۆڕی باوکم بدۆزمەوە و فاتیحایەکی لەسەر بخوێنم."

‎کۆرۆنا و رازی نەبوونی کەسوکاری ئەنفالکراونی گەرمیان، هۆکارن لە بەردەم گەڕانەوەی 171 رووفاتەکەی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوە بۆ هەرێمی کوردستان.

‎جەبار عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دەزگای شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان دەڵێت، "ئێمە لە پلانی یەک ساڵە بۆ چوار ساڵە پلانمان داناوە بۆ ئەوەی ئەو پشکنینە ئەنجام بدەین، تاوەکو هەر کاتێک گۆڕەکانمان هەڵدایەوە تووشی ئەو کێشەیە نەبین و دواتر بەخاکیان بسپێرین."

‎لە قۆناخى یەکەمى هەڵدانەوەی گۆڕه به کۆمەڵەکانى سەماوه لە ئادارى ساڵی 2019 دا 171 رووفات دەرهێنران، 74 یان منداڵ بوون و 97 یان ژن بوون، زۆربەیان دانیشتووانی گوندی کوڵەجۆن لە رۆژئاوای کەلار.

رووفاتەکان رەوانەى پەیمانگەى پزیشکى دادوەرى بەغدا کراون بەمەبەستى وەرگرتنى نموونەی دى ئێن ئەی، کارەکان لە بەغدا تەواوبوون ئامادەن بۆ هێنانەوە.
rudaw -
Top