پهرلهمانتارێكی پێشوو: تەنیا ژمارەیەكی ڕەمزیی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێندرێتەوە
فەرحان جەوهەر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەی خولی رابردووی پەرلەماندا، كاریان لەسەر داهاتەكانی سلێمانی كردووە و بەپێی بەدواداچوونەكانیان، لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین، ”تەنیا ڕەقەمێك بۆ حكوومەت دەگەڕێندرایەوە كە نەدەزاندرا داهاتە راستەقینەكە چەندە، ئەو ڕەقەمەش شتێكی ڕەمزی بوو“.
جەختیشی لەسەر زەروورەتی گەڕاندنەوەی داهاتەكانی سلێمانی بۆ خەزێنەی گشتیی حكوومەت كردەوە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان. گوتیشی: ”ئەگەر حكوومهت داهاتی ڕاستەقینەی مهرزهكان و داهاتی ناوخۆی بۆ بگەڕێندرێتەوە، بودجهیەكی زیاتری لەبەردەستدا دهبێت، بۆیە پێویستە داهاتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەش بۆ خەزێنەی گشتیی حكوومەت بگەڕێندرێتەوە".
فەرحان جەوهەر پێیوایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیانێكی زۆر لە نەگەڕاندنەوەی داهاتەكانی سلێمانی دەكات. گوتیشی: ”هەر ئەم هۆكارانەیە وایكردووە حكوومەت نەتوانێت لە كاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، ئەگەر ئەم داهاتانە بگەڕێندرێتەوە، توانای حكوومەت لە دابەشكردنی مووچە زیاتر دەبێت و دەشتواندرێت خزمەتگوزاریی پێ ئەنجام بدرێت“.
باسنیوز
