سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان: كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان: كۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات


سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە شایەدیی ئەوە دەدەن، د. فرسەت سۆفی بە هەق وەفادار بوو بەرامبەر ئەو سوێدەی لە كاتی دەست بەكاربوونیدا وەك پارێزگاری هەولێر خواردی.

لە مەراسیمی پێشوازیكردن لە تەرمی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر، ڕێبەر ئەحمەد، پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەش كرد كە ئەمە دەقی پەیامەكەیە:



بەداخ و خەمێكی قووڵەوە ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە بۆ ماڵئاواییكردن لە هەڤاڵ و دۆست و كەسایەتییەكی لێهاتوو، دەستپاك، ڕابردووپاك، دڵسۆزی خەڵك و نیشتمان پەروەر.

د. فرسەت كەسایەتییەكی خاكی و جەماوەریی نزیك لە خەڵك بوو.، لە هەموو ئەو ئەركانەی پێی سپێردرا، كارەكانی زۆر بە دڵسۆزی و جددییەتەوە بە ئەنجام دەگەیاند. هەر بۆیە ئەمڕۆ تێكڕای خەڵكی كوردستان بۆ كۆچكردنی خەمبارن و لە ماتەمدان. ئەمەش سەرمایەیەكی گەورەی مەعنەویی زۆر گرنگە و بەڵگەی دڵسۆزی و لە خۆبردوویی د.فرسەت و پێداگرییەكەی بووە لەسەر خزمەتكردنی خەڵكی هەولێر و كوردستان بە گشتی.

پارێزگاری جوانەمەرگ كادیرێكی جەماوەریی لیهاتوو، پەرلەمانتار و ئەكادیمی و یاساناسێكی دیار و جێگەی ئومێدێكی گەورەبوو. لە دوای دەست بەكاربوونیشی وەك پارێزگاری هەولێر، بە ماوەیەكی كەم بەهۆی پەتای كۆرۆنا و دروستبوونی قەیرانی دارایی، هەرێمی كوردستانیش وەك هەموو ناوچەكانی دیكەی جیهان، ڕووبەڕووی چەندین گرفت و قەیران بۆوە، بەڵام سەرەڕای گرفت و قەیرانەكان، برای هەمیشە زیندوومان كاك د. فرسەت، خۆڕاگربوو بەرامبەر كێشەكان و بە ئومێدەوە دەیڕوانیە داهاتوو. ئامانجی سەرەكیشی خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و شاری هەولێری خۆشەویست بوو. بەبێ هیچ جیاوازییەك، زۆر لە خەمی كاسبكار و كرێكار و خەڵكی هەولێر بوو. هەمیشە هەوڵی دەدا ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، كاریگەری نەكاتە سەر ژیانی خەڵكی هەژار. بۆیە شەو و ڕۆژ بەبێ ماندووبوون لە خزمەتكردنی خەڵك بوو. بەردەوامیش لە پەیوەندیدابوو لەگەڵ پێكهاتەكان و دەیویست پەیوەندیی هاوبەش بەرەوپێش بچێت.

بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا خزمەتی زیاتر پێشكەش بكات.

ئێمە لە حكوومەت شایەدی دەدەین كە بە هەق وەفاداربوویت بۆ ئەو سوێندەی خواردت كە وەفادار بیت بۆ خەڵكی هەولێر و كوردستان.

لێرە پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی د. فرسەت بدەین لە پرۆسەی چاكسازی، كە یەكێك بوو لە داكۆكیكارەكانی ئەنجامدانی چاكسازی و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان، بۆیە لە دەستدانی د. فرسەت زیانێكی گەورەیە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بۆشاییەكی گەورە دروست دەكات.

بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە تێكۆشەرەكەی و كەسوكار و خەڵكی كوردستان بە گشتی و دانیشتوانی هەولێر بە تایبەتی دەكەین. خوای مەزن بە بەهەشتی شاد بكات و كردار و یاد و هەڵوێست و ڕەفتارەكانی تا هەمیشە بە زیندوویی لە دڵماندا دەمێنێتەوە.

ماڵئاوا پارێزگاری جوانەمەرگی هەولێر.




باسنیوز
Top